top of page

بەبۆنەی ٥٣ ساڵەی دامەزراندنیدا سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان سەردانی یەكێتی زانایان دەكات

رۆژی سێشەممە بەرواری ٢٦-٩-٢٠٢٣، مامۆستا (ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كردو لەلایەن بەرێز (د. عەبدوڵڵا وەیسی) سەرۆكی یەكێتی زانایان و جێگرو ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی پێشوازی لێكرا. لە دیدارێكدا سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پەیامی پیرۆزبایی یەكێتی مامۆستایانی گەیاندە یەكێتی بەرێزیان و ئومێدی خواست ساڵیادی ٥٣ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی زانایان ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر و ئەو ئامانجانەی كە یەكێتی زانایان لەسەری دامەزراوە كە خۆی دەبینێتەوە لە وەدیهێنانی مافە رەواكانی مامۆستایانی ئایینی و پاراستنی بەهاو بنەما ئایینییەكانی گەلەكەمان. بەم بۆنەیەوە، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وێرای پیرۆزبایی كردن لە یەكێتی زانایان ئاماژەی بەوەكرد كە هەرێمەكەمان بە قۆناغێكی هەستار تێپەردەبێت كە پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و بەرژەوەندییە كەسییەكان وەلاوە بنێین و رەچاوی برایەتی و ئاشتەوایی و یەكریزی بكەین بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.

لەلایەن خۆیەوە، د. عەبدوڵڵا وەیسی سوپاسی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانی كرد بۆ ئەم سەردانەو گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی ئومێدی خواست كە پەیوەندی نێوان هەردوو یەكێتییەكە بەردەوام بێت.

جێگەی باسە یەكێتی زانایان وەك رێكخراوێكی پیشەیی لە ٢١-٩-١٩٧٠ لەپێناو خزمەتی ئایینی ئیسلام و دۆزی رەوای گەلەكەمان و خزمەتی زانایانی ئایینی دامەزراوە.


Comments


bottom of page