ڕۆژی سێشەممە 17-10-2023 مامۆستا احمد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە یاوەری مامۆستا حەسیبە مستەفا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەت قوتابخانەی ژیریی بنەڕەتی تێکڵاو لە شارۆچکەی بەحرکە بەسەرکردەوە کە قوتابخانەیەکی تایبەتە بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە لایەن مامۆستا شوان و هەردوو یاریدەدەری و ژمارەیەک لە مامۆستایان پێشوازیان لێکرا و لە دانیشتنێکدا باس لە کێشە و گرفتەکانی ئەم قوتابخانەیە کرا، دوای ئەوە سەردانی چەند پۆلێکی خوێندن کرا کە تیایدا قوتابییان زۆر بە پەرۆشەوە زمانی کوردی دەخوێنن کە زمانی دایکی خۆیانە کە پێشووتر ئەم زمانە لە وڵاتی خۆیان قەدەغەبوو لێیان، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە لێرە بە ئازادی دەتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن کە ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە.
سەرەڕای ئەمانەش ئەم قوتابحانەیە بەدەر نییە لە کەموکوڕی بەتایبەت لە ڕووی خزمەتگوزاری و نەبوونی باخچەو نەبوونی مامۆستایی توێژەری کۆمەڵایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەمەش مامۆستایان ڕۆژانە دەوامی خۆیان بە ئاسایی دەکەن ئەگەرچی ئەرکی ئەوان قورسترە لە مامۆستایانی تر لەبەرئەوەی ئەو قوتابییانە تا ئێستا بە عەرەبی خوێندوویانە و زمانی کوردیان باش نییەو خانەوادەو کەسوکاریان کەمتر زمانی کوردیان بە کارهێناوە.
بۆ ئەم مەبەستە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وێرای دەستخۆشیان لە مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە، لەهەوڵی بەردەوام دادەبن بۆ گەیاندنی دەنگی ئەوان و چارەسەرکردنی کێش و گرفتەکانیان.
جێگەی باسە ئەم قوتابخانەیە لە پۆلی یەکەوە تا پۆلی شەشی بنەڕەتی سیستەمی خوێندنەکەی بەشێوازی سیستەمی پرۆگرامی هەرێمی کوردستانە تاکو پۆلی پێنج خوێندن بە زمانی کوردییە بەڵام پۆلی شەش بە زمانی عەرەبییە، ئەو بریارە لە لایەنی یونیسکۆ جێبەجێ دەکرێت کە پێیدەوترێت سیستەمی تێکەڵکردن واتە تێکەڵکردنی ئاوارەکان بەناو کۆمەڵگا بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و هەلی کار، هەروەها بەگوێرەی ئەم سیستەمە ئەوانەی دەبنە خاوەن بڕوانامە تا بتوانن لە زانکۆکان بخۆێنن ئەمەش سیستەمێکی جیهانییە بەرامبەر بە ئاوارەکان بەکاردەهێنرێت.
Comments