ئەمڕۆ یادی شەست و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەینەوە... بەم بۆنە گرینگەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی بەڕێزی کوردستان دەکەین.
ئەم بینا پەروەردەییە مەزنە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە ساتێکی مێژوویی گرینگدا دامەزرا لە ڕێگەی دامەزراندنیەوە بەشداریی لە خەباتی گەلەکەماندا کرد و، مامۆستایانی کوردستان بەرپرسیارێتیی گەورەی خۆیان لە پەروەردەکردن و فێرکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا و نەوە لە دوای نەوەی گەلی کوردیان بە ئاستێکی پیشەیی بەرز و دڵسۆزییەکی مەزنەوە لە ئەستۆ گرت. مامۆستایانی بەڕێز بە درێژایی سەردەمانی خەباتمان لە پێناو ئازادی و کەرامەتی کوردستان و، و سەرفرازی و بەرزڕاگرتنی نیشتمان قوربانییەکی زۆریان دا. ئەم توێژە سەربەرزەی گەلی ئازیزمان لە تاریکترین هەلومەرج و سەختترین کاتەکاندا لە کارکردن و قوربانیدان و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نەتەوەییەکانیان لە پێناو خزمەتکردنی نەوەکانمان و کوردستانی پیرۆزدا بەردەوام بوون و، بە کاری سەندیکایی شەرەفمەندانەیان توانییان بەشێک لە مافە ڕەواکانیان بەدەست بهێنن. ئێمەش هیچ درێخی ناکەین لە پاڵپشتیکردنی ئەم دامەزراوە مێژووییە لە پێناو خزمەتکردنی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
سڵاو بۆ گیانی پاکی مامۆستایانی شەهیدی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال ولە سەرووشیانەوە سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی و کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد... سڵاو لە هێزی پێشمەرگە، پاڵەوانانی خۆڕاگری کوردستان...
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
15ی ئایاری 2023
תגובות