رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە لەهەولێر رەوشی پەروەردەو خوێندن تاوتوێ دەكات
- یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
- Sep 12, 2023
- 1 min read
بۆ یەكەمجار لەشاری هەولێر رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەسەر رەوشی پەروەردەو خوێندن لەوڵاتانی عەرەبی و كوردستان ئەنجامدا، ئەم كۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت لەگەڵ شاندی رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە بەرێوەچوو.
رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە هەفتەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە هۆلی كۆبوونەوەی (ی.م.ك) لەهەولێر ئەنجامدا و تیایدا چەند تەوەرێكی گرنگی پەروەردەیی خرایەروو. لەمیانەی ئەم كۆبوونەوەدا، كە بەرێز (جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکی ڕێکخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە وڵاتانی تونس، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین و جەزائیر ئامادەبوون، باس لەرەوشی خوێندن و پەروەردە لەوڵاتی فەلەستین كرا، هەروەها باس لەدواكەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراو بڕیاردرا یاداشتێكی فەرمی بەرز بكرێتەوە بۆ حكومەتی عێراقی كە داوا دەكرێت مووچەی مامۆستایان تێكەڵ بە سیاسەت نەكرێت و بەزووترین كات دابەش بكرێت.
هەر لەم كۆبوونەوەدا كۆمەڵێ خاڵ و تەوەری دیكە خرایەبەرباس بەتایبەت رەوشی پەروەردە و خوێندن لەوڵاتانی نیشتمانی عەرەبی بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە قەیرانیان تێدایە وەكو (سوریا و یەمەن و سودان و تونس و لوبنان...) جگە لەمەش رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە لەم كۆبوونەوە راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەماوەی رابردوو خستەڕوو هەروەها كۆمەڵی بابەتی كارگێری و دارایی رێكخراوەكە خرایەڕوو.
لەكۆتاییدا لەسەر داواكاری یەكێتی مامۆستایانی وڵاتی میسر بڕیاردرا دوای چوار مانگی تر كۆبوونەوەی رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە لە شاری قاهیرە لەوڵاتی میسر بەرێوەبچێت.

Comments