رۆژی هەینی رێكەوتی ٨-٩-٢٠٢٣ لەهۆلی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان لەشاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی كراوە لەنێوان یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و وەفدی رێكخراوی پەروەردەی عەرەبی بەرێوەچوو. دوای بەدوای ئەو كۆبوونەوەیە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرەتا بەرێز مامۆستا (ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كردو وێرای بەخێرهاتنی وەفدی ناوبراو تیشكی خستە سەر رێكخراوی پەروەردەی عەرەبی كە لەساڵی ٢٠١٥ دامەزراوەو بارەگاكەی لە وڵاتی لوبنانە و یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو رێكخراوە ئەندامەو تا ئێستا لەپەیوەندی و لەهەماهەنگی بەردەوام دایە.
هەر لەمیانەی ئەو كۆنگرەیەدا، مامۆستا(جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکی ڕێکخراوی پەروەردەیی عەرەبی وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا جەختی كردەوە لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامی رێكخراوەكەیان لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كردەوە، هەروەها داوایان لەهەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم كرد كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و چیتر مووچەی مامۆستایان دوانەكەوێت و بۆ ئەم مەبەستە پشتگیری خۆیان بۆ داواكارییەكانی مامۆستایانی كوردستان دەربڕی.
شایەنی باسە وەفدی رێكخراوی پەروەردەیی عەرەبی پێكهاتبوو لە سەرۆكی رێكخراو وهەروەها ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە وڵاتانی تونس، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین و جەزائیر .
Comments