top of page

‎سەرۆکی(ی.م.ک) لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکۆمار كۆبووە باسیان لە گرفتی دواكەوتنی مووچە كرد

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار کۆبوونەتەوە و لەبارەی گرفتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان قسەیان کردووە و پێیگوتوون، کێشەی مووچە و بودجە چارەسەر دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، "ئێمە و سەندیکای مامۆستایانی عێراق، ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانی جیهانین، کە بانگهێشتی ئەوان کرا ئێمەش بانگکراوبووین و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووینەوە."

بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بە گشتی باسی کێشەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و دەڵێت، "باسی کێشەی دارایی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی مووچە، کێشەی مامۆستایانی خانەنشین، مامۆستایانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە دەبوو بگوازرێنەوە بۆ بەغدا، کێشەی دامەزراندنی مامۆستایان و فەرمانبەران بە گشتی، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران کراوە؛ هاوکات باسمان لەو هەزار قوتابخانەیە کرد کە لە عێراق دروست دەکرێن و داوامان کرد بەشێکی لە هەرێمی کوردستان بێت."

ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، بە محەممەد شیاع سوودانییان گوتووە، نابێت مامۆستایان بکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان، "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە تایبەتمەندیی کوردستان کرد کە کیانێکی دەستووریی خۆی هەیە، بۆیە گوتی کێشەی مووچە و بودجە بە زووترین کات چارەسەر دەکەین و بەڵێنی دا بە زووترین کات دانیشتنێکی تایبەت لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رێکبخات."

لەبارەی ئەو هەزار قوتابخانەی بڕیارە لە عێراق دروست بکرێن، ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "دوای ئەوەی داوامان کرد بەشێکی لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، محەممەد شیاع سوودانی گوتی، هەندێک بابەت هەیە لە سەرەوەی دەسەڵاتی منە، بۆیە سەیر دەکەم و بە گوێرەی یاسا چیم پێکرا دەیکەم. ئێمە چۆن خەمی منداڵێک لە بەسرە دەخوێن، خەمی منداڵی سلێمانی و هەولێریش دەخۆین."

لە بەغدا مووچەی مانگی تەممووز و ئاب دابەشکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ 31-08-2023یە و تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووز و ئاب دابەشنەکراوە.

لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداوە لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەروەها رادەستکردنی نەوتەکە بە عێراق، بەپێی یاسای بودجە پێویستە حکومەتی عێراق شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.



bottom of page