top of page

شاندی هاوبەشی (ی.م.ک)و سەندیکای مامۆستایانی عێراق سەردانی جێگری دووەمی سەرۆک ئەنجوومەنی عێراقیان کرد

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا پێشوازی‌ له‌شاندێكی‌ هاوبه‌شی‌ سه‌ندیكای‌ مامۆستایانی‌ عێراق و یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات و، رۆڵی‌ مامۆستایان له‌ په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌كان و پێگه‌یاندنیان به‌رزده‌نرخێنێت له‌كۆمه‌ڵگادا.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق, له‌شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ لەبەغداد, پێشوازیكرد له‌شاندێكی‌ هاوبه‌ش كه‌پێكهاتبوون له‌به‌ڕێزان عه‌باس سودانی‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ مامۆستایانی‌ عێراق و ئه‌حمه‌د سابیر گه‌رمیانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ سه‌ندیكا و یه‌كێتییه‌كه‌.

لەدیدارێکدا، تاوتوێی‌ ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ كرا كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ڕێگه‌چاره‌ی‌ پشتیوانیكردنی‌ كه‌رتی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن، هه‌روه‌ها قسه‌ له‌باره‌ی‌ كێشه‌كانی‌ مامۆستایان و شایسته‌كانیان له‌ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كرا، وێڕای‌ تاوتوێكردنی‌ دۆسیه‌ی‌ سه‌رله‌نوێ‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌و بنیادنانی‌ قوتابخانه‌كان و چالاككردنی‌ یاسای‌ پاراستنی‌ مامۆستایان و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ زانستی‌ و بژێوی‌ و ته‌ندروستی‌ مامۆستایان.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌میانی‌ قسه‌كانیدا رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ مامۆستایان و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ به‌رزنرخاند، له‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ نه‌وه‌كان و پێگه‌یاندنیان له‌پێناو پێشخستنی‌ كۆمه‌ڵگا و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ زانستی‌ و بره‌ودان به‌توانای‌ قوتابیان.

به‌ڕێزی‌ ئاماژه‌شیدا به‌ بایه‌خی‌ به‌هێزكردنی‌ هاوكاری‌ و یه‌كخستنی‌ هه‌وڵه‌كان له‌نێوان سه‌ندیكای‌ مامۆستایانی‌ عێراق و یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان، به‌وشێوه‌یه‌ی‌ خزمه‌تی‌ رێڕه‌وی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌كات له‌سه‌رانسه‌ری‌ وڵات.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

23 ی‌ ئایاری‌ 2023


Comments


bottom of page