top of page

شاندی یه‌كێتی مامۆستایان له‌به‌غدا ژماره‌یه‌ك دیدارو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا

دوای سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ شاری به‌غدا، شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق كۆبوونه‌وه‌و به‌شداری رۆژی مامۆستایانی عێراقیان كردو چه‌ندین دیدارو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان و سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق باس له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك كرا، وێرای پیرۆزبایی له‌ستاڤی نوێی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌، دواتر یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی و هه‌ماهه‌نگی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراقی كرد بۆ پشتیوانیان له‌ داخوازی مامۆستایانی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌، هه‌روه‌ك پاڵپشتی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق به‌رز نرخێندرا.

هه‌روه‌ها باس له‌و پرۆژانه‌ كرا كه‌ له‌ئاینده‌ له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجام بدرێت بۆ خزمه‌تكردنی مامۆستایان، هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌ شاندی یه‌كێتی مامۆستایان ده‌نگی مامۆستایانی ئاواره‌ی عێراقیان له‌كوردستان گه‌یانده‌ سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق كه‌ بڕیاردراوه‌ به‌داخستنی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ ئاواره‌كان.

دوای به‌شداریكردنی شاندی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ئاهه‌نگی رۆژی مامۆستایانی عێراق بڕیاردرا كه‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌شداریكردنی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر بۆنه‌و یادێك.

هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌یان شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك لقی مامۆستایانی عێراق له‌وانه‌ لقی به‌سراو ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین و موسڵ و بابل و رسافه‌ و كه‌رخ و.. ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌مه‌ودوا له‌نێوان ئه‌م لقانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كیتی مامۆستایانی كوردستان هه‌بێت.

هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌یان بۆ شاری به‌غدا‌ شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان چاویان به‌ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی حكومی له‌عێراق كه‌وت و راووبۆچوون له‌نێوانیان ئالوگۆر كرا. هه‌روه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ راوێژكاری په‌روه‌رده‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كراو جه‌خت له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌، و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ راوێژكاری په‌روه‌رده‌یی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا له‌داهاتوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و باس له‌پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش كرا كه‌ له‌داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجام بدرێت، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان داوایان كرد كه‌ له‌میانه‌ی پرۆژه‌ی دروستكردنی 2000 دوو هه‌زار قوتابخانه‌ له‌ عێراق به‌شێكی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت.


Comentários


bottom of page