top of page

متمانه‌ به‌خۆبوون و كه‌سایه‌تی به‌هێز

متمانه‌ به‌خۆبوون و به‌هێزی كه‌سایه‌تی هه‌ستێكی گرنگه‌ ، هه‌رچه‌ند رێز له‌ خودی خۆت بگری ، ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌ به‌خۆبوونت زیاد ده‌بێت .

بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و هه‌سته‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌رێنییه‌ ، هۆكاره‌ و به‌ڵگه‌یه‌ به‌دیهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز ، بیركردنه‌وه‌ی ئه‌رێنی هێزو توانات پێ ده‌به‌خشێ ، ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ، به‌هه‌موو توانایه‌ك كار ده‌كه‌ن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ جیا بێت له‌ كارو كرده‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ .

هه‌ڵسوكه‌وتی جوان و شیاو ره‌نگده‌داته‌وه‌ له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی و متمانه‌ به‌خۆ بوون ، پێویسته‌ ترست نه‌بێت له‌ ره‌خنه‌ی به‌رامبه‌ر ، هه‌روه‌ها بڕیاره‌ راست و دروسته‌كان خاڵێكی دیكه‌یه‌ بۆ به‌هێزبوونی كه‌سایه‌تی و متمانه‌ به‌ خۆبوون .

راستگۆیی ، له‌ كاروكرده‌وه‌و قسه‌كردندا له‌ ژیان ، نه‌ك ته‌نها رێزو خۆشه‌ویستی به‌ڵكو هێزو متمانه‌ت لای كه‌سانی دیكه‌ زیاد ده‌كات .

بابه‌تی بوون و واقیعی بوون و لۆژیك خاڵێكی دیكه‌یه‌ بۆ متمانه‌ به‌خۆبوون و به‌هێز بوونی كه‌سایه‌تی .

توانای ده‌ربرین له‌ كاتی قسه‌كردندا به‌شێوه‌یه‌كی راست و دروست ، هه‌روه‌ها توانای كاریگه‌ری له‌ سه‌ر كه‌سانی دیكه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ له‌ سه‌ر متمانه‌و به‌هێزی كه‌سایه‌تی مرۆڤ .

واز هێنان له‌ ترس ، بڕوا به‌خۆبوون ، رێگه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ سه‌ر ته‌واوی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كان .

داننان به‌ هه‌ڵه‌كان كاتێك رووده‌دات له‌ ژیان ، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان بێ ئه‌وه‌ی گله‌یی له‌ كه‌سانی دیكه‌ بكه‌یت ، هه‌روه‌ها زانینی هۆكاری تووش بوون به‌ هه‌ڵه‌ و دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌ ، متمانه‌ به‌خۆ بوون زیاد ده‌كات .

رازی بوون و ئاسووده‌ كردنی ویژدان له‌ كاركردندا ، چاوه‌ڕوانی نه‌كردن له‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ستایشت بكات . شه‌رم نه‌كردن له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رده‌وامی دان به‌و كاروكرده‌وانه‌ی كه‌ جێی ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ن .

رێزگرتنی به‌رامبه‌ر و بوێری و زیره‌كی و سووربوون هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز به‌ ده‌ست بێنی و متمانه‌ت به‌خۆوه‌ هه‌بێت .

له‌ قسه‌كردن هێواش به‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گوێت لێ ده‌گرن به‌ چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ حه‌ز له‌ قسه‌و باسه‌كانت بكه‌ن ، هه‌میشه‌ هه‌وڵ بده‌ یارمه‌تی كه‌سانی دیكه‌ بده‌یت . ئه‌وانه‌و چه‌ندین چه‌مكی دیكه‌ كه‌سایه‌تی و متمانه‌ به‌خۆبوون به‌هێزتر ده‌كات .

سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا ... سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی


14 views0 comments
bottom of page