بروسكەی پیرۆزبایی
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی
سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان…
دوای سڵاوی زانست و پەروەردە و خەباتی مەدەنیانە، بە بۆنەی (٦١)-یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەکەتان، پیرۆزبایی خۆم و سەرجەم هەڤاڵانم لە مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانتان ئاڕاستەدەكەم، خۆمان بە بەختەوەر دەزانین لە بۆنەیەکی وەھا شایستەدا ھاوشانی مامۆستایان پیرۆزبایی و
خۆشحاڵی خۆمانتان لەگەڵ بەش بکەین.
مامۆستایانی بەڕێز…
بۆ ئێمە ١٥-ی ئایار ڕۆژێکی پڕشنگدار و بایەخدارە، لەم ڕۆژەدا مامۆستایانی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش یادی دامەزراندنی یەکێک لە چالاکترین و گرینگترین یەکێتییەكی پیشەیی دەکەینەوە، چونکە ھەموومان ھەست بە گەورەیی پێگەو ڕۆڵ و کارەکانی مامۆستایان دەکەین، کە دوایی ئەرکی دایک و باوک بەرپرسیارترین کەسن بۆ پێگەیاندنی تاکەکان، ئێوە لە ڕۆژانی سەختی خەبات لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی نەتەوەیی و پەروەردەیی بوون، لە شۆڕشەکانی کوردستان ژیلەمۆی پڕیشکی نەسرەوتنەکان بوون، لە ناو پۆلەکانیش بە ئاونگی ھەنگوینی ڕۆشنگەری، بیر و ئەندێشەی تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواریتان لە نەزانین پاراست و بەرەو ڕووناکیتان برد.
مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكان بایەخی تەواومان بە ماف و ئیمتیازی مامۆستایان داوە و داكۆكیكارتان دەبین، پێشمان وایە دەبێ ژیان و گوزەرانی مامۆستایان ھاوتای ماندوو بوون و خۆتەرخان کردن و قوربانی و ئەرکەکانیان بێت، لێرەوە پێزانینمان هەیە بۆ ڕۆڵی یەکێتی مامۆستایان، کە ھەمیشە و لە هەموو باردۆخێكدا نەتانهێشتووە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و پێگەیاندنی نەوەكانمان لە كاروانی زانست و پێشكەوتن دوابكەون، ئەمە دەرخەری زیندوویی ویژدانی ئێوەیە، کە لە مێژووی دوور و نزیک و لە ھەموو کاتێکدا مامۆستایان نەیانھێشتووە، نەزانین و تاریکی بەسەر ویست و ھێزی مەعریفەی ڕەسەن سەر بکەوێت.
پەروەردەکاران و مامۆستایانی زانکۆی بەڕێز، ئومێد دەكەین وەك ھەمیشە بە یەكەوە لە خزمەت کوردستانیان بین، ھیواخوازیشین یەکێتیەکەتان بە میکانیزمی سەردەمیانەی دونیای مۆدێرن و پەروەردەیانەی ڕۆشن، بەردەوام بێت لە داکۆیکردنتان لە خەون و خولیا و خواستی مامۆستایانی ئازیزی کوردستان، ئێمەش وەك هەمیشە دەرگامان بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و مامۆستایانی بەڕێز كراوەیەو پشتیوانی خواست و داواكارییەكانتان دەبین.
جارێكی دی پیرۆزبایی ساڵیادی یەكێتییەكەتان لێدەكەین، هیواخوازین ئەم ساڵ ساڵی بەدی هێنانی سەرجەم هیوا و خواستەكانتان بێت.
هەرشاد و سەركەوتوو سەرفرازبن
برای دڵسۆزتان
جوتیار نوری
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و
لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

Comments