top of page

یەكێتی مامۆستایان بەهاوكاری رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە خولێكی راهێنان بۆ مامۆستایان دەكاتەوە

رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢-٦-٢٠٢٤ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوكاری رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە (EI) لەشاری هەولێر خولێكی چوار رۆژی بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایانی نوێنەری لق و كەرتەكانی یەكێتی مامۆستایان كردەوە. سەرجەم پێداویستی و خەرجییەكانی ئەم خولە لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە تەرخانكراوە و خولەكە لەلایەن راهێنەرایەتی رێكخراوی خانزاد خاتوون بەرێوەدەچێت. لەدەستپێكی ئەم خولەدا مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتارێكی پێشكەش كردو باسی لە گرنگی پرۆسەی راهێنان و فەلسەفەی نوێ بۆ پەروەردەو بونیاتنانی كەسایەتی و گرنگیدان بە راهێنانی گەنجان بەتایبەت بۆ مامۆستایانی وانەبێژ كرد. وابڕیارە مامۆستایانی بەشداربوو لەم خولە دواتر وەكو مامۆستای راهێنەری سەركردە لەناوچەكانی خۆیان خول بۆ مامۆستایانی دیكە بكەنەوە، بۆ ئەم مەبەستە رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە لەرێگەی یەكێتی مامۆستایانەوە لەقۆناغی دووەم خولێكی فراوانتر بۆ زیاتر لە ٤٠٠ مامۆستای دیكە بكەنەوە. جێگەی باسە بیرۆكەی كردنەوەی ئەم خولە لەسەر داوای یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەچوارچێوەی هەلمەتی جیهانی بۆ فێربوون لەساڵی ٢٠٢٣ راگەیەنراوە، خۆشبەختانە ئەمساڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە دەستیكرد بەپرۆگرامی راهێنانی گەشەپێدانی پیشەیی مامۆستا بۆ مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی كوردستان. ماوەتەوە بڵێین ئامانج لەم خولانە بریتییە لە پەرەپێدانی مامۆستایان لەكەرتی گشتیدا بەدابین كردنی شێواز و تەكنەلۆژیای مۆدێرن بۆ راهێنانی مامۆستایان.



Comments


bottom of page