"راپۆرتێك سەبارەت بەسیستەمی سەرپەرشتیاریی پێشكەشی وەزارەتی پەروەردە دەكات"
..
ئەمڕۆ یەكشەممە رێكەوتی ٢٦-٥-٢٠٢٤، لەهۆڵی شەهید مامۆستا حەسیب لەمەكتەبی سكرتاریەت، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هەڵسا بەئەنجامدانی وۆركشۆپێك سەبارەت بە سیستەمی سەرپەرشتیاری لە كوردستان.
ئەم ۆركشۆپە تایبەت بوو بە گفتوگۆ كردن سەبارەت بە سیستەمی سەرپەرشتیاری بەمەبەستی ئامادەكاری كۆمەڵێ پێشنیار بۆ كۆنفرانسی بنیاتنانی تواناكانی وەزارەتی پەروەردە كەوا بڕیارە لە ٨ی حوزەیران ئەنجام بدرێت.
لەدەستپێكی ئەم ۆركشۆپە مامۆستا (عەتا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان كە لەهەمانكاتدا سەرپەرشتی ئەم ۆركشۆپەی دەكرد وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا باسی لە گرنگی و ئەنجامدانی ئەم وۆركشۆپە كرد، هەروەها مامۆستا هەینی قادر بەرێوەبەری گشتی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەوەزارەتی پەروەردە تیشكی خستە سەر گرنگی و رۆڵی سەرپەرشتیارو سیستەمی نوێی لەو بوارەیەوەو كۆمەڵی خاڵی گرنگی خستەڕوو.
هەر لەمیانەی ئەو وۆركشۆپە مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا باسی لەرۆڵی سەرپەرشتیاران كرد بەتایبەت گەڕانەوەی رۆڵی سەرپەرشتیاران بەشێوەیەكی بەهێزترو كاریگەرتر بۆ ناوەندەكانی خوێندن.
هەر لەمیانەی ئەم وۆركشۆپە كۆمەڵێ خاڵی گرنگ خرایە بەرباس و گفتوگۆی لەسەركرا كە بەشێوەی گروپ بەشداربووان سەرنج و پێشنیاری خۆیان دەخستەڕوو. هەر لەم وۆركشۆپەدا گرنگترین خاڵە لاوازەكانی بەردەم سیستەمی پەروەردە گفتوگۆی لەسەركراو هەروەها سەرجەم پێشنیارەكان بۆ باشتركردنی سیستەمی سەرپەرشتیاری و پەروەردە بەشێوەیەكی گشتی خرایە بەردەست و هەروەها تیشك خرایە سەر هەیكەلیەتی بەرێوەبەرایەتی سەرپەرشتیاریی و كۆمەڵێ خاڵی گرنگ گەڵاڵە كراو لەكۆتاییدا سەرجەم پێشنیارو تێبینییەكان كرا بە راپۆرتێكی تێروتەسەڵ كە دواتر پێشكەشی وەزارەتی پەروەردە دەكرێت.
جێگەی باسە ئەم وۆركشۆپە بەبەشداری لقەكان و كەرتەكانی یەكێتی مامۆستایان لە دهۆك و زاخۆو ئاكرێ و سۆران و گەرمیان و خانەقین و هەلەبجەی شەهید و سلێمانی و هەروەها سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری قوتابخانەكان ئەنجامدرا.
Comments