top of page

یەكەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین / هەولێر.

یەكەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین / هەولێر

((پرسی ئینتیما و گرفتەكانی نیشتمانسازی لە هەرێمی كوردستان))

ئەمڕۆ، چوارشەممە، 1ی ئازاری 2023؛ بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین و ڕاگری كۆلێژی ئاداب و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و ئەكادیمی و توێژەران؛ یەكەمین كۆنفراسی زانستی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین / هەولێر بە ناونیشانی (پرسی ئینتیما و گرفتەكانی نیشتمانسازی لە هەرێمی كوردستان)، بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای كۆنفراسەكەی كۆلێژی ئاداب؛ بەڕێز پ.ی.د.كامەران یونس محمدامین سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین/ هەولێر، وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند: "ئینتیما؛ بناغەیە بۆ سەركەوتن و خۆشەویستی نیشتمان...ئەگەر ئینتیما بۆ نیشتمان لاواز بوو، ئەوا مەترسی گەورە روودەدات!".

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، گوتی: "بۆ ئەوەی وڵاتێكی بەهێزمان هەبێت، دەبێت ئینتیمایەكی بەهێزمان بۆ نیشتمان و وڵات هەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە منداڵان و گەنجانمان بەخۆشەویستی نیشتمان گۆش بكەین".

هاوكات بەڕێز (پ.د.قادر محمد حسن) ڕاگری كۆلێژی ئاداب لە وتەیەكیدا، گرنگی ئەنجامدانی كۆنفراسە زانستییەكەی كۆلێژی ئادابی رونكردەوە و ڕایگەیاند: "كۆلێژی ئاداب دێرینترین و گرنگترین كۆلێژی زانكۆی سەلاحەددینە و ماوەی 50 ساڵە خزمەتی رەوشی زانست و زانیاری دەكات، بۆیە دەبوو تاوەكو ئێستا چەندین كۆنفراسی ئەنجامدابووایە، بەڵام بەداخەوە نەتواندراوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ، كۆنفراسی زانستی ئەنجام بدات...ئەو كۆنفراسەی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە، بەرهەمی ماندووبوونی ساڵێكە كە بەسوپاسەوە بەهاوكاریی و پاشتگیریی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین، هاتۆتە بەرهەم".

سەبارەت بە ناونیشانی كۆنفراسەكە، كە تایبەت كراوە بە پرسی (ئینتیما و گرفتەكانی نیشتمانی سازی) بەڕێز ڕاگری كۆلێژی ئاداب، گوتی: "بابەت و گرفتی ئینیتما لە وڵاتانی پێشكەوتوو، كاری زۆری لەسەر كراوە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان هێشتا ئەو پرسە تەواو نەخەملیوە بۆیە پێویست دەكات كاری جددیی لەسەر بكرێت..ئێمە لە كۆلێژی ئاداب بەو كۆنفراسە دەرگامان لەسەر توێژەران كردۆتەوە بۆئەوەی لەسەر ئەو پرسە گرنگە، توێژینەوەكانیان پێشكەش بكەن".

بەڕێز ڕاگری كۆلێژی ئاداب، ئاماژەی بەوەشكرد: "كاری ئێمە تەنیا بەو كۆنفراسە تەواو نابێت، بەڵكو ئەو كۆنفراسە دەكەینە دەروازەییەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، كۆنفراسی دیكە ئەنجام بدەین".

لە كۆتایی قسەكانیدا، بەڕێز د.قادر، گوتی: "بۆ ئەو كۆنفراسە نێودەوڵەتییە؛ 25 توێژینەوە سەبارەت بە پرسەكانی ئینتیما، نیشتمانسازیی و گیروگرفتەكانی دەوڵەت و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نیشتمان، لەلایەن 33 توێژەری ناوخۆیی و بیانی نووسراون، كە بەشێك لە توێژە بیانییەكان بۆ ماوەی 50 ساڵە لەسەر پرسی كورد و كوردستان كاردەكەن".

كۆنفراسە زانستییە نێودەوڵەتییەكەی كۆلێژی ئاداب؛ بۆ سبەی، پێنجشەممە، 2ی ئازاری 2023، بەچەندین پانێلی زانستی و ئەكادیمی بەردەوام دەبێت.




Comments


bottom of page