top of page

‎(ی.م.ک) یاداشتێكی چوار خاڵی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكاتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری ٢٢-١٠-٢٠٢٣ لە شاری هەولێر لە بارەگای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆك و هەردوو جێگر و زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت بەرێوەچوو.

لەم كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێ تەوەری گرینگ سەبارەت بەرەوشی ئێستای پەروەردە تاوتوێ كرا و جەخت كرایەوە لەسەر یەك گوتاری یەكێتی مامۆستایان، هەروەها ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و نوێكردنەوەی ئەندامێتی مامۆستایان كەوا بڕیارە لە مانگی ١٢ەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بەرێوەبچێت. جگە لەمەش باس لە گرنگترین چاڵاكییەكانی یەكێتی مامۆستایان كرا، سەرەڕای ئەمەش بەتێروتەسەلی باس لە كێشەو گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و رەوشی مامۆستایان و دواكەوتنی مووچە و بایكۆتكردنی دەوامی خوێندن كرا.

ئەوەی گرنگ بوو لەم كۆبوونەوەیە بڕیاردرا یاداشتێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە كە خۆی لە چوار خاڵ دەبینێت لەوانە بۆ چارەسەركردنی بایكۆت بەزووترین كات مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت، وهەروەها وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ریزبەندی پێشەوەی لیستی مووچە دابنرێت، هەروەها دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن یاخود بە گرێبەست كردن لەگەڵیان.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێیوایە جێبەجێ كردنی ئەم یاداشتە دەبێتە خاڵێكی گرنگ بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن كە ئەم داواكارییانە داواكاری هەنووكەیی مامۆستایانە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام بەتایبەت لەو ناوچانەی كە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.

لەكۆتایی ئەم كۆبوونەوەدا بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو لیستەكانی هەڵبژاردن ئاشكرا بكرێت و ژمارەی نوێنەرانی كۆنگرە دیاری بكرێت كە هەر سنوورێك ١٢ بازنە لەخۆی دەگرێت و هەر بازنەیەك بەپێی ئەندامبوونی مامۆستایان دیاری بكرێت.


コメント


bottom of page