top of page

ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە مامۆستایان.



یەكێتیی مامۆستایان لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت رێككەوتنیان كردووە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بە پێشەكیی كەم قیستی پێنج ساڵە بدرێتە بەشێك لە مامۆستایان. بەرپرسێكیش وردەكارییەكانی بۆ (باسنیوز) ئاشكرا دەكات.


ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، راگەیاند: "كۆمپانیای باجگر دەستپێشخەرییەكیان لەگەڵ ئێمە كردووە، جارێ بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی سێ مانگ ئۆتۆمبێلی هەرزانتر و بەشێوەی قەرز و قیست دەدرێتە مامۆستایان، ئۆتۆمبێلەكانیش جۆری جێلیین."

زیاتر گوتیشی: "بەراورد بە خەڵكی دیكە، هەشت سەد بۆ هەزار دۆلار هەرزانتر دەدرێتە مامۆستایان، هەموو كەسێك بۆی هەیە بایی 10 هەزار دۆلار بە قەرز ئۆتۆمبێل ببات، بەڵام مامۆستا بۆی هەیە بایی 20 هەزار دۆلار ئۆتۆمبێل بە قەرز ببات، بۆ خەڵكی ئاسایی سێ ساڵ گەرەنتی هەیە و بۆ مامۆستایان پێنج ساڵ دەبێت."


ئاماژەی بەوەش دا، كۆمەڵێك ئاسانكاری كراون، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا هەندێك لە مەرجەكان قورسترن، گوتیشی: "دەبێت مامۆستاكە مووچەی لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و دوو مامۆستاش كەفیلی بن، لەم قۆناغە زیاتر ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە، كە خزمەتیان زۆرترە و تاوەكوو ئێستا ئۆتۆمبێلیان نییە."


ئەو بەرنامەیە سەرەتا پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی دەگرێتەوە، دواتر قۆناغ بە قۆناغ فراوان دەكرێت.

ئەحمەد گەرمیانی ئاشكراشی كرد: "بەرنامەمان هەیە لەداهاتوودا ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیای تۆیۆتاش بە قەرز و بە قیست بدرێتە مامۆستایان."

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان جەختیشی كردەوە، ئەوان خوازیاری ئەوە بوون، بابەتەكە لە ئاست داخوازیی مامۆستایان بێت، بەڵام چەند هۆكارێك رێگر بوونە خواستەكە كەمتر دەستەبەر بێت، گوتیشی: "دۆخی بازاڕ و بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، وای كردووە بابەتەكە كەمتر لە ئاستی داخوازییەكانمان بێت، بەڵام ئەوەی كراوە جارێ كاتییە و هیوای ئەوەمان هەیە فراوانتر بكرێت و زۆرترین مامۆستایان بگرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی مووچەیان كەمە، ئەوەی هەیە بۆ قۆناغی دەسپێك كارێكی باشە، لەگەڵ ئەوەش تێبینی و سەرنجی خۆمان هەیە".


بەپێی مەرجەكانی كۆمپانیاكە، پێشەكی و قیستی ئۆتۆمبێلەكان جیاوازیی هەیە، كەمترین پێشەكی سێ هەزار دۆلارە و زۆرترینی 10هەزار دۆلارە، قیستەكانیش كەمترینی 280 دۆلارە و زۆرترینی 420 دۆلارە.

هەروەها بەپێی مەرجەكان، دەبێت دوو كەفیل هەبێت، كە كارمەندی حكوومەت بن و مووچەی هەردووكیان پێكەوە لە یەك ملیۆن و 600 هەزار تاوەكوو سەرووی دوو ملیۆن دینار بێت، ئەوەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكان و قیستەكان دەبێت.





141 views0 comments

Comments


bottom of page