پەیامی یه‌كێتی مامۆستایان لەسەر هێرشکردنە سەر ماڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
- Mar 29
- 1 min read
مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان هێرشەکەی سەر ماڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سەرکۆنە و ئیدانه ده‌كات و داوای ئاشكراكردنی بکەرانی دەکات.
یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان سەرکۆنەی ئەو پەلامارە دەکات کە ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج لە پارێزگای دهۆک، ئەم هێرشە سەرپێچییەکی جددیە و پێشهاتێكی مه‌ترسیداره کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه دەکات. هه‌روه‌ها داوا لە حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دەکه‌ین بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکەن و بە پێی یاسا لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی بکرێت و بكه‌رانی ئاشكرا بكرێن.
وه‌كو ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕو ملمڵانێیه‌كانه‌وه لایه‌نێكی به‌شدار نه‌بووه, هه‌میشه كاری بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان كردووه، بۆیه داوا لە سه‌رجه‌م لایەنەکان ده‌كه‌ین بۆ پێکەوە کاركردن بۆ پاراستنی سەقامگیری نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی، رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدرێت کە بیەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات و پێویسته رێگری ته‌واو له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره په‌لامارانه بكرێت.
یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان
مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت
28-3-2026

_edited.png)



Comments