top of page

لەرۆژی جیهانی زمانی دایكدا...

  • Writer: یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
    یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
  • Feb 21
  • 1 min read

ڕۆژی ٢١ ی شوباتی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی زمانی دایک ناسراوە، بەم بۆنەیەوە دەخوازین پسپۆران و خەمخۆرانی زمانی كوردی گرنگی زیاتر و پەرەی تەواو بە زمانی دایك بدەن.

ئەگەر بۆ نەتەوەكانی دیكەی جیهان زمانی دایك گرنگی خۆی هەبێت، ئەوا بۆ ئێمەی كوردی چوار پارچە دەبێ بەوپەری دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە لە گرنگی زمان و بەرەوپێشبردنی زمان بڕوانین.

وەكو دەزانین كە پسپۆران و شارەزایانی بواری پەروەردە و فێركردن دەمێكە دركیان بەو راستییە كردووە كە فێركردنی قوتابی و خوێندكاران بەزمانی دایك زۆر باشترو كاریگەرترە لەزمانی بیانی، تەنانەت زمانی دایك دەرگایەكە بۆ فێربوونی زمانی بیانی، بۆیە پێویستە لە هەرێمی كوردستان گرنگی زێتر بە زمانی كوردی بدرێت كە زمانی دایكە بەتایبەت لەبواری پەروەردە و فێركردن و سەرجەم بوارەكانی دیكە.

زمانی كوردی شوناسی نەتەوەیەكەو لەو پێناوەدا خەبات و قوربانی زۆریشی بۆ مانەوەو پاراستنی زمانی دایك داوە، بۆیە گرنگە ئەم یادە بەرزو پیرۆز رابگیرێت بەتایبەت بۆ ئێمەی كورد كە چەندین زارو شێوزارمان هەیە كە بەشێكی زۆری كەوتۆتە ژێر كاریگەری زمانەكانی فارسی و عەرەبی و توركی، ئەمەش لەئەنجامی دابەشكردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا.

لەهەرێمی كوردستان سەرەڕای هەوڵەكان بۆ پاراستن و گرنیگدان بەزمانی دایك، هێشتا لەئاستی پێویستدا نییە، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان مەترسی لە سەر زمانی كوردی بەدی دەكرێت، بۆیە داواكارین كە وەزارەتی پەروەردەو خەمخۆرانی ئەو بوارە بەگرنگییەوە بڕواننە رەوشی خوێندن و زمانی دایك لەو ناوچانە.

بەگوێرەی دواین ئاماریش زمانی كوردی لە پلەی (٥٩)ەمین زمانی جیهاندایە، كە لەكۆی شەش هەزار زمان كە بەشێكیان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بۆیە دیاریكردنی رۆژێك بۆ زمانی دایك لەلایەن یونسكۆوە بۆ هاوكاریكردنی فرەچەشنی و فڕەڕەنگی زمان و كولتوورەكان دەگەڕێتەوە.



Comments


bottom of page