top of page

پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست ...

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تیکۆشەرو ماندونەناسەکەتان پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکە بە یەکەی مامۆستایانی کوردستان دەکەم، سوپاسی گەرمتان دەکەم بۆ دڵسۆزی و لە خۆبردویی و پشوو درێژیتان.

یەکێتی مامۆستایان لە ماوەی (شەست و یەک ساڵی ڕابردودا) خاوەنی مێژوویەکی پر لە سەروەری و خەبات و قوربانیدان و کۆڵنەدانە، لە هەموو قۆناغەکانی مێژوی ڕێکخراوەکەتاندا توانیوتانە چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەبات بن و ڕۆڵی مەزن لە جۆشدانی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

ئێمە ڕۆڵ و کاریگەری و قوربانییەکانی یەکێتی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین، خۆمان بە پاڵپشتی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان دەزانین، باوەڕی تەوامان بەو راستییە هەیە کە ڕیفۆرمی قوڵ و ڕاستەقینەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا دەبێت بە بەهێزکردنی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی مامۆستایان دەستپێبکات، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیان دا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەو پەڕی شکۆمەندیەوە ئەرکە زانستی و نیشتیمانیەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن.

هیوامان وایە هەمومان پێکەوە تێبکۆشین بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەدیهێنانی سەرجەم داخوازییە رەواکانی مامۆستایانی کوردستان.

دوبارە پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

د. ئارام محەمەد قادر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی


bottom of page