top of page

پەیامی پیرۆزبایی وەزارەتی پەروەردە بەبۆنەی (٦١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

یادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز بێت

ئەگەر جاران مامۆستای کورد

یەک مناڵیان پێ دەگەیاند

ئەبێ ئەمڕۆ مامۆستای کورد

دانیشێ و بەڕاوێژی ورد

رێگای پێگەیاندن دانێ

بۆ ملیونان نەک ئینسانێ

"گۆران"

لە 61 مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و تەواوی ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەو پەڕی ڕێز و شکۆوە دەڕوانینە ڕۆڵی ماندوونەناسانەی مامۆستایانی کوردستان، کە هەمیشە چرای زانست و فیربوون و مەشخەڵی ئازادیخوزایی و ڕۆشنبیری بوونە.

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی پیشەیی و زانستی و نیشتمانیدا، ڕۆڵێکی مەزنی لە ڕێی خزمەتکردنی پرۆسەی پەروەردە و داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان بینیووە.

یادکردنەوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، یادی هەموو ئەو مامۆستا ڕابەر و تێکۆشەرانەیە، کە لە مێژووی پەروەردە و فێربوونی کوردستان، ڕۆڵەکانی گەلەکەمانیان لەسەر ڕێچکەی نیشتمانپەروەری و خۆڕاگری و خۆشویستنی وڵات و پەروەردەیەکی ڕاست و دروست ڕاهێناون.

هەڵوێستی مامۆستایانی کوردستان، لە هەموو سەروەختێکدا، بە تایبەت لە سەختی و ناخۆشییەکانی سەردەمی گەمارۆی ئابووری دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 لە یاد ناکرێ. مامۆستایان لەو ڕۆژگارە نالەبارە و لە قۆناغە سەختەکانی سەردەمی شۆڕشەکانی کوردستان و قۆناغی شەڕی داسەپاوی تاریکپەرستانی داعش، ڕۆڵیان ئەوەندە ئازایانە و دڵسۆزانە بووە، هەمیشە بە درەوشاوەیی لە ویژدان و مێژووی گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، شانازی بە ڕۆڵی پڕ لە بەرهەم و بەخشش و مێژووی پڕشەنگداری مامۆستایانی کوردستان دەکات، بۆ هەمیشەش شکۆی مامۆستا بەرز ڕادەگرێ و کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و دەستەبەرکردنی تەواوی ماف و خواستەکانیان دەکات، بۆ ئەوەی لە ژێر سێبەری ئازادی ئەمڕۆی کوردستان، باشتر ڕۆڵی نیشتمانی و پیشەییانەی خۆیان ببینن.

بەم بۆنەیشەوە، یادی ئەو مامۆستایانەش دەکینەوە، کە ئێستا لە نێوماندا نەماون، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گەورەییان دادنوێنین و سڵاو و خۆشەویستی دەنێرین بۆ گڵکۆی پیرۆزیان و یاد و یادەوەریان بە زیندوویی ڕادەگرین.

دووبارە پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و خەبات و مێژووەکەی هەر گەش و درەوشاوە بێت.

وەزارەتی پەروەردە

15ی5ی2023


bottom of page