ئیستانبوڵ.. بەڕێوەچوونی کۆربەندی پەروەردەیی
- 3 days ago
- 2 min read
لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا، کار و چالاکییەکانی کۆربەندی ئیستانبوڵ بۆ هاوپشتی پەروەردەیی (Istanbul EdUnion Forum 2026) دەستی پێکرد، بە بەشدارییەکی فراوان کە نوێنەرانی 67 یەکێتی پەروەردەیی لە 55 وڵات، لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەروەردەیی لەخۆ گرتبوو، لە ژێر دروشمی «پەروەردە و کار لە سەردەمی نادڵنیایی جیهانی: کێشە هاوبەشەکان و چارەسەری هاوبەش».
لە ماوەی کۆربەندەکەدا ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ ناسنامەی دامەزراوەیی نوێی Istanbul EdUnion Forum کرا وەک سەکۆیەکی نێودەوڵەتی هەمیشەیی بۆ گفتوگۆ، هاوکاری و هاوپشتی نێوان کارمەندانی بواری پەروەردە لە سەرانسەری جیهان.
لە فۆڕمەکەدا نوێنەرانی Education International (EI)، ڕێکخراوی عەرەبی پەروەردە، هەروەها یەکێتی مامۆستایانی عەرەب و یەکێتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە ئاسیا، ئەورووپا، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور بەشدارن.
هەروەها دوو وەفدی سەندیکای مامۆستایانی عێراق و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەشداریان لە کۆربەندە کردو لە دانیشتنە گفتوگۆییەکان و وۆرکشۆپە تایبەتەکاندا بەشدار دەبن کە تایبەتن بە تاوتوێکردنی ئەو ئالۆزی و کێشانەی بەردەم پەروەردە و کارمەندانی بواری پەروەردە هەن لە ئاستی هەرێمایی و نێودەوڵەتی.
بەرنامەی کۆربەندکە ، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دوو دانیشتنی سەرەکی و شەش وۆرکشۆپی تایبەتی لەخۆ دەگرێت کە گرنگترین کێشەکانی بەردەم بواری پەروەردە و کارمەندانی ئەو بوارە تاوتوێ دەکەن، وەک کاریگەریی شەڕ و ململانێ، کۆچ و ئاوارەیی، گۆڕانی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد، هەژاری و برسیەتی، پرسی ژنان لە پەروەردەدا، پەروەردەی گشتگیر، و مافە سندیکایی و پێوەرە پیشەییەکان.
لە وتەی دەستپێکیدا، عەلی یالتچین، سەرۆکی سندیکای پەروەردەی تورکیا (Eğitim-Bir-Sen)، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جیهان لە ئێستادا لە «سەردەمی نادڵنیایی»دا دەژی، کە تێکەڵبوونی قەیرانە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، ململانێ و ناکۆکییە جیوپۆلیتیکییەکان، شۆڕشی تەکنەلۆژیا و گۆڕانەکانی بازاڕی کار پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە لە سیاسەتەکانی پەروەردە و کار لە ئاستی جیهانی دروست کردووە.
ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی فۆڕمەکە تەنها گۆڕینەوەی بیرۆکە نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات بنەمایەکی کرداری بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەرگری لە پەروەردە، کاری شیاو و مافەکانی کارمەندانی بواری پەروەردە دابنێت. هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە دەرئەنجامەکانی فۆڕمەکە دەبنە ڕاگەیەندراوێکی جیهانی و نەخشەڕێگایەکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی نێودەوڵەتی لە بواری پەروەردەدا.
ئەم کۆربەندە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی جیهانی لە هاوکاری نێوان یەکێتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان و بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی پەروەردە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدان، دادپەروەری و جێگیری لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگ و گۆڕانکارییانەی جیهان بەخێرایی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
بەپێی بەرنامە، لە کۆتایی کارەکانی کۆربەندەکە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و دەرئەنجامی گرنگ دەردەچن کە یارمەتیدەری پشتگیری لە پرسی پەروەردە و بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی نێوان ڕێکخراو و یەکێتی پەروەردەییە بەشداربووەکان دەبن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە پەرەپێدانی پەروەردە و پاراستنی مافەکانی مامۆستایان و هەموو کارمەندانی بواری پەروەردە بکات لە سەرانسەری جیهان.
_edited.png)



































Comments