top of page

بەسەركردنەوەی لقی كەركوكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان


یەكێتی مامۆستایان، جەخت لەسەر بەردەوامی پرۆسەی خوێندن لەناوچە كێشەلەسەرەكان دەكاتەوە


شاندێكی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی لقی كەركوكی یەكێتی مامۆستایان دەكات، لەم سەردانەیاندا شاندی مەكتەبی سكرتاریەت لەگەڵ لقی كەركوك تاوتوێی رەوشی پەروەردەو خوێندن لەسنووری پارێزگای كەركوك و دەوروبەری كرد .

رۆژی یەكشەممە بەرواری ١٧-٩-٢٠٢٣، شاندێکی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا (عەبدولواحید محەمەد) سەرۆکی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە وەکالەت و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت سەردانی لقی کەرکوکی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كردو لەلایەنی ستافی لقەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.

هەر لەم بەسەركردنەوەدا، شاندی مەكتەبی سكرتاریەت و لقی كەركوك تاوتوێی رەوشی كەركوكیان كرد بەتایبەت لەبواری پەروەردە و خوێندن و ئەو كێشەو گرفتانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن دەبنەوە لە سنووری پارێزگای كەركوك و دەوروبەری، هەروەها باس لەو ئاڵنگارییانە كرا كە دێتە بەردەم پرۆسەی خوێندن بەتایبەت گرفتی دواكەوتنی مووچەی مامۆستایان و هەروەك جەخت لەسەر بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بەتایبەت لەناوچە كێشەلەسەرەكان كرایەوە.

جگە لەمەش شاندی مەكتەبی سكرتاریەت تاوتوێی ئامادەكارییەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كرد كەوا بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایان بەرێوەبچێت.


bottom of page