بەیاننامەی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانبە بۆنەی ٣٤ ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی جەماوەری کوردستانجەماوەری خۆشەویستی کوردستان
لە یادی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕینی مەزنی جەماوەری کوردستان، وەک مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم گەلی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین.
ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا و توانی کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورە و گرنگ بۆ کوردستان بەدی بهێنێت کە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بونیاتنانی دامەزراوە یاسایی و سەروەرییەکان، گەشەسەندنی بواری پەروەردە و فێرکردن، بەهێزبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە گرنگترینیان بوون.
سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەدا، بەداخەوە نەگەیشتووینەتە سەرجەم ئامانج و ئاواتەکانی ڕاپەڕین. گەلی کوردستان هێشتا بەشێک لە مافە ڕەواکانی وەک بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و گەیشتن بە قەوارەیەکی نیشتمانی و سەروەریی تەواو، چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەت مامۆستایان و چینە زەحمەتکێشەکان بەدەست نەهێناوە.
ئێمە لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باوەڕمان وایە کە دەتوانین لە ڕێگەی هاوکاری و یەکگرتوویی هەموولایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی کوردستان، بە هەنگاوی پراکتیکی و کرداری، کار بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی ڕاپەڕین بکەین. مامۆستایانی کوردستان وەک چینێکی پێشەنگ و ڕۆشنبیر، ئامادەن لە ڕیزی پێشەوەی ئەم هەوڵانەدا بن و پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک بکەن کە لە خزمەتی بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵاتەکەمان بێت.
جارێکی دیکە یادی پیرۆزی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو دابینکردنی مافەکانی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێرکردن و گەیشتن بە هەموو ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەکتەبی سکرتاریەتی
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
٥ی ئاداری ٢٠٢٥

_edited.png)



Comments