top of page

بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانبەبۆنەی ساڵی تازەی خوێندنەوە

  • Writer: یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
    یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
  • Sep 20
  • 2 min read

(( پەروەردە و فێركردنێكی باش بە مامۆستای لەخەمڕەخساو دەبێت ))

جەماوەری كوردستان

مامۆستایانی دڵسۆز

دوای ئەوەی 21/9/2025 وەك دەسپێكی ساڵی تازەی خوێندن دیاریكرا، هەموو لایەك سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنن هەر یەكەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی، خێزانەكان سەرباری باری سەختی ئابووری خەریكی ئەوەن پێداویستی جگەرگۆشەكانیان ئامادەبكەن، قوتابیان و خوێندكاران بە زەوق و شەوق ئامێزەوە چاوەڕوانی كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندنن، بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانیش بەخۆنەویستی خۆیانەوە لە ئامادە باشیدان، چونكە ئەو توێژانە پێیان وایە چارەنوسی كۆمەڵگە بەهەردوو دیو لەنێو ئەو پرۆسەیەدا یەكلادەبێتەوە، ئەگەر باش و پۆشتەبوو ئیتر هەموو جومگە و ئەگەرەكان بەرەو باشە دەڕوات، ئەگەر بەدیوەكەیتر بوو ژیان و پێشكەوتن یان دەوەستێ یان پێچەوانە دەبێتەوە.

بەڕێزان

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە كاتێكدا پیرۆزبایی گەرم لە خەڵكی كوردستان بە گشتی و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران بە تایبەتی دەكات، بە بۆنەی دەستپێكی ساڵی تازەی خوێندنەوە، لە هەمان كاتدا هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا بە شێوەیەكی ئاسایی شایستە بەڕێوەبچێت، شیاوی ئاماژە پێدانە لە ساڵی رابردوودا چەند هەنگاوێكی باش هەڵێنرا وەك:-

١- دابەشكردنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و پرۆسەكەش بەردەوامی هەیە.

٢- بە گرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ.

٣- جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی ژمارە (9)ی ساڵی 2014.

بەڵام یەكێتی مامۆستایان كۆمەڵێك داواكاریتری هەیە دەبێ كاری جددی بۆ بكرێت تاوەكو پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە باشی بەڕێوەبچێت و ئامانجەكانیشی بەرجەستە بێت، لەوان:-

١- كێشەی موچە چارەسەر بكرێت و مانگانە بدرێت، چیتر تێكەڵاوی ئەجندای جۆراو جۆر نەكرێت.

٢- بەرزكردنەوەی موچە دەست پێبكاتەوە كە پێچەوانەی پێدراوە یاساییەكان، لە ساڵی 2016ەوە مامۆستایان لێیەوە بێ بەش دەكرێن، ئەوەش زیانێكی زۆر گەورەی لێكەوتۆتەوە، بە جۆرێك هەر مامۆستایەك كوژمەیەك پارە كەمتر لە پێدراوەكانیان وەردەگرن.

٣- هەموو خزمەتگوزاریەك بۆ ئەو زەویانەی دابەشكراون، یان دابەش دەكرێن برٍەخسێت، تاوەكو سودیان لێوەربگیرێت، لە پێشەوەیاندا سولفەی عەقاری.

٤- مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی، سود لەو مامۆستا وانەبێژانەش وەربگیرێت كە لە كاتی خۆیدا گرێبەستیان بۆ نەكراوە یان لادراون بەهۆی میلاكی هەمیشەیی كە وەكو یەدەگ لە پەروەردەكان ناویان تۆمار كراوە.

٥- مامۆستایانی خانەنشین تەواوی موچەكانیان لەگەڵ ئەو پاداشتەی بۆیان دیاریكراوە بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 وەربگرن، بەبێ دواكەوتن، بەڕاستی دواخستنی بەهەر پاساوێك بێت، پێشێلكردنی ئاشكرای مافە یاساییەكان و مرۆڤە.

٦- ئەو هەموارانەی لە یاسای وەزارەتی پەروەردەی ناوەند كراوە كە بریتین لە زیادكردنی دەرماڵەی (150)هەزار بۆ (300)هەزار، خزمەتی دەرەوەی شار بە دوو چەندان وهەژماركردنی خزمەتی وانەبێژان، مامۆستایان و وانەبێژانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

٧- مامۆستایانی ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی هاوەڵەكانیان لێیەوە بەهرەمەندن ئەوانیش بەتەواوی لێیان سود مەند بن.

لە كۆتایدا جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەو داواكاریانە، ئەوەش بۆ ئەوەی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا بە باشی بەڕێوەبچێت، چونكە ئەو پڕۆسەیە بەرگەی زیاتر لەوە ناگرێت بە كەموكوڕیەوە بەڕێوەبچێت، یەكێتی مامۆستایانیش خەباتی مەدەنی بەهەموو جۆرەكانیەوە بەڕەوا دەزانێت، بۆ هینانەدی ئامانجەكان.

با پەروەردەو فێركردنێكی باش پەیڕەو بكرێت

بۆ ئەوەی نەوەی باش و دوارۆژمان مسۆگەر بێت

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

مەكتەبی سكرتاریەت

20/9 /2025


Comments


bottom of page