top of page

مامۆستایانیش شایەنی پلەبەرزكردنەوەن

ئەمڕۆ پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لەوەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە، ئەمەو لەكاتێكدا ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، ئەمڕۆ خۆشبەختانە پلەی (٤٣٠٤) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بوونە.

بۆیە لێرەوە رووی داواكاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا كە خۆراگرانەو ماندوونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان لەسەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بوونە، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن. لەكاتێكدا ئەمڕۆ نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستی پێنەكردووە.

لەكۆتاییدا داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان. جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە:

١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی.

٢-دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

٣-دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ.

٤-هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.

يەكێتی مامۆستایانی كوردستان

مەكتەبی سكرتاریەت

١-٢-٢٠٢٤


bottom of page