top of page

بەڕێوەبردنی پۆل لە نێوان خۆگێلکردن و وەستاندنی دەستبەجێدا

3 days ago
2 min read

مەبەستی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی پۆل، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و ئارامە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی فێربوون. مامۆستا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتاری جیاوازی قوتابییاندا لە بەردەم دوو بڕیاری سەرەکیدایە، کە برێتیین لە بڕیاری خۆگێلکردن ( خۆبێ ئاگاکردن) یان بڕیاری وەستاندنی دەستبەجێ. دیاریکردنی جۆری بڕیارەکە بەپێی جۆری ڕەفتارەکە و کاریگەرییەکەی لەسەر کەشی گشتیی پۆل دیاری دەکرێت.

بڕیاری خۆگێلکردن یان خۆبێ ئاگادەرخستن،، بریتییە لە چاوپۆشیکردنی مەبەستدار لە هەڵە و ڕەفتارە بچووکەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پچڕانی ڕەوتی وانەکە. ئەم بڕیارە کاتێک بەکاردێت کە ڕەفتارەکە کاتی و بێ مەبەست بێت، وەک کەوتنی پێنووسێک ، یان جوولەیەکی ناپێویست کە زیانی گشتیی بۆ ناوپۆل نی یە. هەندێک جار قوتابی تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانی مامۆستا ڕەفتارێک دەکات، لێرەدا پشتگوێخستنی ڕەفتارەکە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی. مامۆستا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەتوانێت بە ئاماژەی سەیرکردنێک بەئاگای بێنێتەوە ، یان بە بێدەنگی بەرەو میزی قوتابییەکە بڕوات تا بێ وەستاندنی ئاخاوتنەکەی، سەرنجی بگەڕێنێتەوە سەر وانەکە.

لە بەرامبەردا، بڕیاری وەستاندنی دەستبەجێ بریتییە لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ڕاگرتنی کراوەی پرۆسەی وانەوتنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتارێک کە سنووری بەزاندووە. ئەم بڕیارە لە کاتی ڕوودانی بێڕێزیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر مامۆستا یان هاوپۆلەکان بەکاردێت، یان کاتێک ڕەفتارەکە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی قوتابییان دروست دەکات. هەروەها کاتێک ئاژاوەیەک دروست دەبێت کە ڕێگە نادات وانەکە بە هیچ شێوەیەک بەردەوام بێت، یان زیان بە کەلوپەلی قوتابخانە یان هاورێیەکی دەگەڕێنێت، وەستاندنی دەستبەجێ دەبێتە ئەرک. لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، پێویستە مامۆستا هێمنی خۆی بپارێزێت، دەنگێکی جدی و لەسەرخۆ بەکاربهێنێت، و بە ئاماژەیەکی کورتبڕ بۆ یاسای پێشێلکراو، ڕەفتارەکە ڕابگرێت تا دواتر لەگەڵ قوتابییەکەدا لەسەری بدوێت.

کاتێک بەراوردی ئەم دوو بڕیارە دەکەین، دەبینین ئامانجی سەرەکی لە خۆگێلکردن ، پاراستنی ڕەوتی وانەکەیە لە پچڕان کاتێک هەڵەکە کاتی و کەم‌زیانە. بەڵام ئامانج لە وەستاندنی دەستبەجێ، پاراستنی سەلامەتیی پۆلەکەیە کاتێک هەڵەکە زیانبەخش و بەردەوامە. مەترسیی بەکارهێنانی هەڵەی خۆگێلکردن لەوەشدا خۆی دەبینێتەوە کە ڕەنگە لای قوتابییان بە لاوازیی مامۆستا لێکبدرێتەوە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی ناپێویستی وەستاندنی دەستبەجێ دەبێتە هۆی دروستبوونی کەشی گرژی لە پۆلدا.

بێڕێزی بەرامبەر مامۆستا یان قوتابییانی تر، یان بێزارکردنێکی بەردەوام کە ڕێگە نادات وانەکە بەڕێوە بچێت. لێرەدا ئەگەر مامۆستا وەستاندنی دەستبەجێ بەکارنەهێنێت، هەیبەت و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پۆلەکە درزی تێدەکەوێت.

مامۆستای سەرکەوتوو و بەئەزموون بە وردی دەزانێت کەی بەربەست دادەنێت و کەی ڕێگە دەدات بابەتێک تێپەڕێت، چونکە بەڕێوەبردنی پۆل زیاتر لەوەی یاسایەکی ڕەق بێت، هونەری بەکارهێنانی هاوسەنگییە.

لەکۆتایدا سەرکەوتنی مامۆستا بەستراوەتەوە بە هونەری هەڵسەنگاندنی خێرا بۆ جۆری ڕەفتارەکە. هاوسەنگی ڕابگرن ، لێهاتوویی لەوەدا دەردەکەوێت کە مامۆستا بتوانێت بە کەمترین کاردانەوە، زۆرترین کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی پۆل بەدەستبهێنێت.


بختیار عمر سعید

جێگری سەرۆکی لقی سلیمانی یەکێتی مامۆستایان


Comments


bottom of page