ڕاهێنانی مامۆستا وەبەرهێنان لە مرۆڤ، بنیاتنانەوەی داهاتوو.
بێگومان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، هیچ وەبەرهێنانێک گرانبەهاتر نییە لە وەبەرهێنان لە توانای مرۆڤ ،مامۆستاش ناوەندی ئەم پرۆسەیە و توانای پیشەیی ئەو، کاریگەری لەسەر ئاست و داهاتووی قوتابیان دادەنێت.
ڕاهێنانی مامۆستایان تەنها بەرنامەیەکی پەرەپێدان نییە ، بەڵکو ستراتیژییەکی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو و داهێنەر ، چونکە مامۆستای بەردەوام ڕاهێنراو دەتوانێت شێوازەکانی فێرکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت و قوتابی لە وەرگرتنی زانیارییەوە بەرەو بەکارهێنان، داهێنان و چارەسەرکردنی کێشە ببات.
لە سیستەمی نوێی پەروەردەو فێرکردندا ، مرۆڤ بە سەرمایەی سەرەکیی گەشەپێدانی کۆمەڵگە دادەنرێت و پەروەردەش بنەمای دروستکردنی ئەو سەرمایەیە. لەم چوارچێوەیەدا، مامۆستا ڕۆڵێکی بنەڕەتی و ستراتیژی لە پرۆسەی پێگەیاندنی نەوەیەکی زانستخواز هەیە .
ڕاهێنانی پیشەیی مامۆستایان تەنها بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکان نیە بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ شێوازی فێرکردن، بەڕێوەبردنی پۆل، هەڵسەنگاندن و بەکارهێنانی شێوازی نوێ ، چونکە مامۆستا دەتوانێت ژینگەیەکی فێربوونی کاریگەر دروست بکات کە تێیدا جیاوازییە تاکەکەسییەکانی قوتابیان ڕێز لێگیراوە و هەر قوتابییەک دەرفەتی گەشەپێدانی تواناکانی خۆی هەیە.
لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیدا ئامانج تەنها پێگەیاندنی قوتابییەکی خاوەن بڕوانامە نییە بەڵکو پێگەیاندنی مرۆڤێکی خاوەن توانای کردار، ئەمەش بەبێ مامۆستایەکی لێهاتوو و پەرەپێدراو بە ئاستێکی باش بەدەست نایەت.
لەبەر ئەمەیە ڕاهێنانی مامۆستا تەنها فێربوون نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتییە بۆ داهاتوو، چونکە داهاتووی قوتابی لە توانای مامۆستا دەست پێدەکات و داهاتووی کۆمەڵگە، لە توانای قوتابییەوە دروست دەبێت.
دڵسۆز عەبدوڵا
بەڕێوەبەر
٢ / ٩ /٢٠٢٦

_edited.png)



Comments