top of page

رێكخراوی پەروەردەی عەرەبی جەخت لەسەر دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان دەكاتەوە

دوای ئەوەی رێكخراوی پەروەردەیی عەرەبی كە بە سەردانێكی فەرمی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ بەرێز وەزیری پەروەردە كۆبوونەوەو جەختیان لەسەر داواكارییەكانی مامۆستایان كردەوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

رۆژی ١٢-٩-٢٠٢٣ شاندی رێكخراوی پەروەردەی عەرەبی بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی بەرێز (ئالان حەمە سەعید ساڵح) وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یان كرد. لەدیدارێكدا باس لە هەماهەنگی و پەرەپێدان و گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کرا، پاشان لەلایەن سەرۆکی رێکخراوەکە خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرا.

شاندی رێكخراوی پەروەردەیی عەرەبی كە پێكهاتبوون لە بەرێز (جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکی ڕێکخراو ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە وڵاتانی تونس، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین و جەزائیر، هەروەها مامۆستا (ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان بەشداربوون لەم دیدارەدا.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی رێكخراوی پەروەردەیی عەرەبی و شاندی یاوەری جەختیان لەسەر دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان كردەوە هەروەك رێكخراوەكە بەشێوەیەكی فەرمی داوا لەحكومەتی عێراقی دەكات كە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران تێكەڵ بە سیاسەت نەكرێت و هەرچی زووە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

لەكۆتاییدا وەزیری پەروەردە رێز و سوپاسی وەزارەتی پێشکەش کردن و دەستخۆشى لە رێكخراوی پەروەردەیی عەرەبی کرد و گرنگى هەماهەنگى نێوان وەزارەت و رێکخراوەکەی بەرز نرخاند.


bottom of page