top of page

شاندی عەرەبی بۆ پەروەردە سەرسامن بە مۆزەخانەی پەروەردە و سەنتەری خانەنشینان

دوای ئەوە شاندێكی باڵای رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە بەسەرۆكایەتی (جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکی ڕێکخراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە وڵاتانی تونس، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین و جەزائیر سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان چەندین چاڵاكی و دیدارو كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی شاندی رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە سەردانی (مۆزەخانەی پەروەردەیی هەولێر)یان كرد لەنزیكەوە بەشەكانی ئەم مۆزەخانەیان بەسەركردەوە، سەرسامی خۆیان بەم مۆزەخانەیە دەربڕی پێیانوابوو كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە كوێت ئەم مۆزەخانەیەی هەولێر نموونەیەكی جوان و سەرنجراكێشە كە تایبەتە بە پەروەردە و مامۆستایان، هەروەها شاندی رێكخراوی عەرەبی سەرسام بوون بەو شێوازی كاركردنە لە كۆكردنەوەی ئەرشیف و زانیاری و وێنە كۆن و زانیاری تەواو لەسەر ئەو مامۆستایانەی كە لە رابردوو خزمەتیان كردووە.

هەروەها شاندی رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە لەمیانەی مانەوەیان لەشاری هەولێر سەردانی (سەنتەری خانەنیشانی هەولێر)یان كرد كە كەوتۆتە باغی شار، لەم سەنتەرە چاویان بە ژمارەیەك مامۆستای خانەنشین كەوت كە شوێنێكی گونجاویان بۆ تەرخانكراوە و كەوتۆتە ناوەڕاستی شارو بەشێكی زۆر لە خزمەتگوزارییەكان بەخۆرایی پێشكەشی مامۆستایانی خانەنشین دەكرێت. كە ئەمەش بووە جێگەی سەرنجی شاندی میوان كە پێیانوابوو نموونەیەكی دیكەی جوانی خزمەتكردنە بە مامۆستایانی خانەنشین بەتایبەت سەنتەری خانەنشینی ئافرەتان كە شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخانكراوە و خزمەتگوزارییەكانیان بێبەرامبەرە. هەروەك سەرۆكی شاندی رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە باسی لەوەكرد كە مۆزەخانە پەروەردەیی هەولێر و سەنتەری خانەنشینان دوو نموونەی جوانن لەبواری خزمەت بە چین و توێژی مامۆستایان و رێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەم چین و توێژە گرنگەی كۆمەڵگە.


bottom of page