top of page

چۆن کاتی بەتاڵی منداڵان لە شەونخوونی شاشەکان بپارێزین؟

  • Jul 9
  • 2 min read

وەرزی پشووی هاوینە لای منداڵان و مێردمنداڵان وەک وێستگەیەکی ئازادی و ڕزگاربوونە لە ئەرکەکانی قوتابخانە، بەڵام کاتێک ئەم پشووە درێژخایەنە بێ بەرنامە و پلان بەڕێ دەکرێت، کاتی بەتاڵ دەبێتە بارگرانی و کێشەی گەورە دروست دەکات. لەم سەردەمەدا، نەبوونی خشتەیەکی ڕێکخراو وادەکات شەونخوونی و ئاڵودەبوون بە شاشەکان بگاتە لوتکە، ئەمەش زیانێکی ڕاستەوخۆ بە سیستەمی خەو و کاتژمێری بایۆلۆژی مێشکی منداڵ دەگەیەنێت و لە جیهانی ڕاستەقینە دایاندەبڕێت، زانایان و پیاوانی ژیریش هەمیشە جەختیان لەسەر بەهای کات کردووەتەوە، وەک چۆن حەسەنی بەسری دەفەرموێت کە مرۆڤ تەنها کۆمەڵێک ڕۆژە و هەر ڕۆژێک بڕوات بەشێک لە تەمەنی مرۆڤەکە ڕۆیشتووە، بۆیە ڕادەستکردنی ئەم کاتە بەنرخە بە ئامێرە بێگیانەکان غەدرێکی گەورەیە لە تەمەنی منداڵ.

ڕادەستکردنی کاتەکان بە ئامێرە زیرەکەکان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی و زیادبوونی کێش، هاوکات توانای سەرنج و تەرکیزیان لاواز دەکات و بەهۆی کەمبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خێزان، هەستی تەنهایی لای منداڵ زیاد دەکات، لێرەدا فەرموودەکەی پێغەمبەر گرنگییەکی قووڵ وەردەگرێت کاتێک دەفەرموێت دوو نیعمەت هەن کە زۆربەی خەڵک لێی بێئاگان و پێی ناگەن، ئەوانیش تەندروستی و کاتی بەتاڵن، کە هەم تەندروستی منداڵ لەبەردەم شاشەدا کز دەبێت و هەم کاتەکەشی بەفیڕۆ دەچێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێمە ناتوانین تەکنەلۆژیا بە تەواوی لە ژیانی منداڵ بسڕینەوە، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی ئاڕاستەکراو بەکاربهێندرێت، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی گەورە بێت بۆ فێربوونی زمانە بیانییەکان، گەشەپێدانی داهێنان لە ڕێگەی بەرنامەکانی وێنەکێشان، و تەنانەت فێربوونی لێهاتوویی پڕۆگرامسازی منداڵان، وەک چۆن حەزرەتی عەلی دەفەرموێت منداڵەکانتان بۆ سەردەمێک پەروەردە بکەن کە جیاوازە لە سەردەمی خۆتان، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە نابێت تەکنەلۆژیا قەدەغە بکەین بەڵکو دەبێت فێری بەکارهێنانی ژیرانەی بکەین.

بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی لە نێوان چێژوەرگرتن لە پشوو و پاراستنی فێرخوازان، پێویستە جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنی کات بکرێتەوە، بە جۆرێک کە سەرەتا بنەمای گفتوگۆ لەجیاتی قەدەغەکردنی زۆرەملێ پەیڕەو بکرێت تا منداڵەکە خۆی هۆکاری سنووردارکردنی شاشەکان بزانێت، چونکە بە وتەی زانایانی دەروونناسی و پەروەردە، منداڵ ناتوانێت دەستبەرداری ئامێرەکەی بێت ئەگەر جێگرەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ دابین نەکرێت، لێرەشدا ڕۆڵی دایکان و باوکان دەست پێدەکات بۆ هاوکاریکردنیان لە ڕێگەی تۆمارکردنیان لە خولە جەستەیی و وەرزشییەکانی وەک مەلەوانی و تۆپی پێ، یان هاندانیان بۆ خوێندنەوەی کتێب و ئەنجامدانی یارییە فیکرییە بەکۆمەڵەکان لە ناو خێزاندا، بەمەش پەیوەندییەکان زیندوو دەبنەوە.

پشووی هاوینە تەنها کاتی پشوودان نییە لە کتێبەکانی قوتابخانە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بنیاتنانی کەسایەتی، بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانییەکان ، وەک چۆن ئیمامی غەزالی لە ڕێنماییە پەروەردەیییەکانیدا دەڵێت دوای تەواوبوونی خوێندن، دەبێت ڕێگە بە منداڵ بدرێت یاری بکات و پشوو بدات تا مێشکی نەمرێت و توانای فێربوونی تێدا بمێنێتەوە، بەڵام بە مەرجێک ئەم یارییە ببێتە هۆی حەسانەوەی نەک ماندووبوونی دەروونی زیاتر. کۆنترۆڵکردنی ژیرانەی شاشەکان لەلایەن دایک و باوکەوە لەم وەرزی هاوینەدا، باشترین دیارییە کە پێشکەشی تەندروستی دەروونی و جەستەیی منداڵەکانیانی دەکەن تا نەوەیەک پێبگەیەنن کە تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێت نەک تەکنەلۆژیا بەکاریان بهێنێت. بە هیوای ئەوەی ئەم هاوینە ببێتە وەرزی گۆڕانکاری، گەشەکردن و گەڕانەوەی ڕووناکی بۆ ناو ژیانی منداڵ و مێردمنداڵەکانمان.



بختیار عمر سعید

جێگری لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان


Recent Posts

See All

Comments


bottom of page