دڵەڕاوکێی بیرکاری: بەشێکی نەبینراو بەرەو شکستهێنان لە پەروەردەدا.
دڵەڕاوکێی بیرکاری (Mathematics Anxiety) دیاردەیەکی دەروونی-پەروەردەییە کە بە ترس و ناڕەحەتییەکی قووڵ بەرامبەر بە بیرکاری دادەنرێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر فێربوون، بەشداریی پۆل و متمانە بە خۆبوون هەیە. لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا، ئەم دیاردەیە وەک ترسێکی زۆر پێناسە کراوە کە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارە و چەمکە بیرکارییەکاندا ڕوودەدات و توانای بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشە کەم دەکاتەوە. دڵەڕاوکێی بیرکاری دەتوانێت هەستێکی نەرێنی دروست بکات: قوتابی توشی ترس دەکات، ئەنجامی کەم وەردەگرێت، باوەڕ بە خۆی لەدەست دەدات. ئەم دیاردەیە زۆرجار بە هەڵە بە “تەمبەڵی” ناودەبردرێت، لە کاتێکدا ڕەگەزەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ژینگەی پەروەردەیی، شێوازی وانەوتنەوە و پەیوەندیی ماموستا و قوتابی.
کێشەکانی لێرەوە سەرهەڵدەدەن:
· شێوازی وانەوتنەوەی وشک و کلاسیک: وانە تەنها لەسەر یاسا و هاوکێشە دامەزراوە و پەیوەندی بە ژیانی ڕاستەقینەوە نییە.
· ترسی هەڵەکردن و شەرمەزاری: لە ژینگەیەکی پۆلدا کە هەڵە بە شکست دەبینرێت، قوتابی لە بەشداریکردن دوور دەکەوێتەوە.
· فشارى کۆمەڵایەتی و خێزانی: بیرکاری بە “بابەتی زیرەکان” ناوزەند دەکرێت و ئەمە خۆبە کەمبینین دروست دەکات.
· کەمیی باوەڕ بە خۆبوون: شکستێکی سادە دەتوانێت ببێتە بنەمای دڵەڕاوکێیەکی قووڵتر و دوورکەوتنەوەی هەمیشەیی لە بیرکاری.
چارەسەرە پراکتیکییەکان:
· دروستکردنی ژینگەی سەلامەت بۆ هەڵەکردن: ماموستا هەڵە وەک دەرفەتی فێربوون ببینێت، نەک وەک شکست.
· بەستنەوەی بیرکاری بە ژیانی ڕۆژانە: بەکارهێنانی نموونەی ڕۆژانە، وەک حیسابکردنی قازانجی بازاڕ، پێوانەکردنی زەوی، یان بەراوردکردنی نرخ و مووچە.
· بەکارهێنانی چالاکی بە ئاستی جیاواز: چالاکییەکان بەپێی ئاستی قوتابیان دابەش بکرێن بۆ دەرفەتی سەرکەوتنی بچووک بۆ هەمووان.
· بەکارهێنانی زمانی هاندەر و ڕەفتاری پەروەردەیی: گوێگرتن لە قوتابیان و لە جیاتی بەکارهێنانی “هەڵەت کرد” بڵێین “با پێکەوە ببینین لە کوێوە دەگەینە وەڵامی ڕاست.”
· هاندانی هاوکاریی پۆلی: کارکردن لە گرووپی بچووکدا فشار کەم دەکاتەوە و پرسیارکردن ئاسان دەکات.
· هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان: کەمکردنەوەی فشارى خێزانی و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بیرکاری تەنها بۆ “زیرەکان” نییە.
بەم شێوەیە، مامۆستا نەک تەنها گوازەرەوەی زانیاری دەبێت، بەڵکو دروستکەری ژینگەیەکی پەروەردەییی دەبێت کە دڵەڕاوکێ تێیدا کەم دەبێتەوە و قوتابی هەست بە توانا و متمانە بە خۆی دەکات. بیرکاری زمانێکی بیرکردنەوەیە؛ ئەرکی ماموستا ئەوەیە ئەم دەروازەیە بکەنەوە، نەک دایبخەن.

مامۆستا : رەیان هاشم حمد
پسپۆری بیرکاری
28/10/2026
_edited.png)



Comments