کەرتی پەروەردە: لە نێوان گرنگیی نەتەوەیی و واقیعی پڕ لە قەیراندا
- May 6
- 2 min read
بایەخی کەرتی پەروەردە تەنها لە پرۆسەی فێربووندا کورت نابێتەوە، بەڵکو وەک شادەماری پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەک و ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئیرادە و هۆشیاریی نەتەوەیی سەیر دەکرێت. هەر وڵاتێک بیەوێت پێش بکەوێت، دەبێت لە ڕێگەی پەروەردەیەکی تەندروستەوە وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بکات. بەڵام لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ئەم کەرتە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک قەیرانی قورس بووەوە کە وای کرد مامۆستایان و قوتابیان ببنە گەورەترین توێژی زەرەرمەند. قەیرانی دارایی، نەبوونی مووچە و پاشەکەوتکردنی، مامۆستایانی ناچار کرد پەنا بۆ بایکۆت بەرن، ئەمەش نەک تەنها زیانی بە بژێوی ئەوان گەیاند، بەڵکو پرۆسەی خوێندنی تووشی پەککەوتنێکی گەورە کرد. لە هەمان کاتدا، پشتگوێخستنی داواکارییەکانی مامۆستایان و بێبایەخکردنی ڕۆڵیان لە لایەن دەسەڵاتەوە، وەک هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی پێگەی زانستی و کۆمەڵایەتییان و دەستەمۆکردنی تاک دەبینرێت.
ئەوەی ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووەتەوە، ئەو جیاوازییە گەورەیەیە کە لە نێوان مووچەی مامۆستایانی هەرێم و بەغدادا هەیە، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی مووچەکە لە بەغداوە دێت. مامۆستایانی هەرێم لە چەندین مافی سەرەتایی بێبەش کراون، لەوانە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، نەبوونی دەرماڵەی منداڵ و دەرماڵەی پایە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، کە ئەمەش نەک تەنها باری گوزەرانیانی گران کردووە، بەڵکو هەستی غەدرێکی گەورەی لای ئەم توێژە دروست کردووە.
جگە لە قەیرانی دارایی، چەندین بڕیاری کارگێڕی وەک (پەڕینەوە)لە پۆلە بنەڕەتییەکان و گۆڕینی شێوازی تاقیکردنەوەکان بۆ (هەڵبژاردن)، ئاستی زانستییان بەرەو دابەزین برد و قوتابیانی لە کۆششکردنی ڕاستەقینە دوورخستەوە. فەرامۆشکردنی بودجەی پەروەردە و تەرخانکردنی زۆرترین داهات بۆ کەرتە ئەمنییەکان، نیشانەی ئەوەیە کە پەروەردە لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتدا نییە. هاوکات، خانەنشینبوونی ساڵانەی مامۆستایانی بە ئەزموون و دانەمەزراندنی میلاکی نوێ بۆ جێگرتنەوەیان، بۆشاییەکی گەورەی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست کردووە. کۆی ئەم هەنگاوانە، لە داخستنی قوتابخانەکان بە بیانووی جیاوازەوە تا فەرامۆشکردنی مافە سەرەتاییەکان، گورزی قورسیان لە جەستەی پەروەردە داوە. بۆیە ڕزگارکردنی ئەم کەرتە تەنها بە چاکسازیی زانستی نابێت، بەڵکو پێویستە ژیان و کەرامەتی مامۆستا بپارێزرێت و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مافە داراییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، تاوەکو نەوەیەکی هۆشیار بۆ داهاتوو بونیاد بنرێت.
بەختیار عومەر سعید
جێگری لقی سلیمانی یەکیتی مامۆستایان
_edited.png)



Comments