top of page

یەكێتی مامۆستایان پشتگیری داواكاری مامۆستایانی دەرچووی پلەی سەرپەرشتیاری دەكات

ئەمڕۆ لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان، مامۆستایانی دەرچووی پلەی سەرپەرشتیاری سەردانی لقەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كرد بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانیان كە تیایدا مامۆستایانی دەرچوو داوای دەرچوونی فەرمانی وەزاری دەكەن.

بەم بۆنەیەوە، نوێنەری مامۆستایانی دەرچووی خولی سەرپەرشتیاری لە تەواوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی لقەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كرد و داوای دەرچوونی فەرمانی وەزاری دەكەن. هەروەها مامۆستایانی دەرچووی پلەی سەرپەرشتیاری تەواوی داواكاری و یاداشتەكانی پێشكەشی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كرد بەمەبەستی پشتگیری كردن و بەرزكردنەوەی داواكارییەكانیان. هەر بەم بۆنەیەوە بە سەدان مامۆستایانی دەرچوو تاقیكردنەوەیان ئەنجامداوە بۆ بوون بە سەرپەرشتیار یەكێك لە داواكارییەكانیان دەرچوونی فەرمانێكی وەزارییەو هەروەها كاری جددی بكرێت و ئەوانەی سەركەوتوون مافی وەرگرتنی ئەم پلەیەیان پێبدرێت.

دوای گەیشتنی تەواوی داواكاری و یاداشتەكان لەسەرجەم لقەكان، بۆ ئەم مەبەستە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پشتیوانی تەواوی داواكارییەكانی مامۆستایانی دەرچووی خولی سەرپەرشتیاری دەكات و بەڵێنیان پێداون كە داواكارییەكانیان بۆ سەرووی خۆیان بەرز بكەنەوە.

سەبارەت بە داواكاری و كێشە و گرفتەكانی بەردەم مامۆستایانی دەرچووی پلەی سەرپەرشتیاری، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داواكاری و یاداشتەكانیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەكاتەوە تا ئەو شوێنەی وەڵامێكی گونجاو وەردەگرنەوە.

لەلایەن خۆیانەوە، مامۆستایانی دەرچووی خولی سەرپەرشتیاری سوپاسی هەلوێستی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كرد بۆ پاڵپشتی و پشتگیریی و بەدەنگەوەهاتنیان و گەیاندنی داواكارییەكانیان.


bottom of page