top of page

په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت ....

زۆر جار په‌روه‌ردكاران ، مامۆستایان و ده‌سته‌ی كارگێڕی و ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتیارانیش زیاتر ده‌پڕژێنه‌ سه‌ر بابه‌تی زانستی و زانیاری كارگێڕی و به‌دواداچوون له‌ سه‌ر كۆمه‌لێك بابه‌ت كه‌ راسته‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من گرنگه‌ ، په‌روه‌رده‌ی ره‌وشته‌ .

په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت یارمه‌تی منداڵان و گه‌نجان ده‌دات كه‌ كۆمه‌لێك بڕواو به‌های راسته‌قینه‌ی ره‌وشت فێر بن و دوور كه‌ون له‌ هه‌ڵه‌كانی ژیان ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێست و نیازه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وروبه‌ر راست و دروست بێت .

په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت پرۆسه‌یه‌كه‌ هانی منداڵان و گه‌نجان ده‌دات كه‌ به‌ رێگایه‌كی راست و ته‌ندروست بیر بكه‌نه‌وه‌ و له‌ كاتی گونجاو هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و حاله‌تانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌ .

ئه‌گه‌ر بتوانیین وه‌كو دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كار بكه‌ین ده‌توانیین منداڵان و گه‌نجانی ئێمه‌ دوور بخه‌ینه‌وه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ سه‌قامگیری به‌ها و ره‌وشته‌ به‌رزه‌كان ده‌شێوێنن وه‌ك هه‌ندێ به‌رنامه‌ی تیڤیه‌كان و ئینته‌رنێت و به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن .

له‌ رێی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ به‌ پێی شێوازو رێنمایی ده‌توانیین په‌ره‌ به‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت بده‌ین له‌ رێگه‌ی راهێنانی به‌رده‌وام .

خێزان و دایك و باوكان پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌ ئاراسته‌ كردنی رۆڵه‌كانیان و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی بۆ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری ته‌واو له‌ سه‌ر منداڵه‌كانیان بزانن .

ژینگه‌ی قوتابخانه‌ش رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌ گواستنه‌وه‌ی ره‌وشتی به‌رز له‌ رێگه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كان كه‌ ده‌خوێندرێن له‌ قوتابخانه‌ ، جگه‌ له‌ كارگێڕی قوتابخانه‌و ئه‌و چالاكیانه‌ی پۆل و ده‌ره‌وه‌ی پۆل و گه‌شته‌ زانستیه‌كان ، ئه‌وانیش تا راده‌یه‌كی ئێجگار زۆر رۆڵ ده‌بینن .

قوتابخانه‌كان ده‌توانن له‌ رێگه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی قوتابی ، به‌ها به‌رزه‌كان له‌ناخی قوتابیان بچێنن و پاداشتی ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌ن كه‌ ره‌وشت به‌رزن ، هه‌روه‌ها سزای ئه‌وانه‌ بده‌ن كاتێك هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن .

ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌ قوتابی پابه‌ند بێت به‌و رێكخستنه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ بوونی ده‌بێت له‌ قوتابخانه‌ . و پاشان ئه‌و قوتابییه‌ وای لێ دێت كه‌ ئاماده‌ بێت هه‌ر چالاكییه‌ك ئه‌نجام بدات چ چالاكی تاكه‌ كه‌سی بێت یان چالاكییه‌ك بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی .

به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش په‌یوه‌ندی به‌هێزی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌هاكانی په‌روه‌رده‌یی ئایین یه‌ك یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن بۆیه‌ ، به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مكی به‌ها په‌روه‌رده‌ییه‌ ره‌وشتییه‌كان و به‌های په‌روه‌رده‌یی ئاینی له‌لایه‌ن مامۆستاكانه‌وه‌ ، زیاتر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاراسته‌ كردنی قوتابیان به‌ ئاراسته‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌و گه‌ل و نیشتیمان بكات .

ئه‌گه‌ر توانیمان له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نیین ، باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ ئاینده‌ هیچ گرفتێكمان هه‌بێت نه‌ له‌ رووی كارگێڕی نه‌ له‌ رووی گه‌نده‌ڵی ، نه‌ له‌ رووی لادان له‌ به‌ها پیرۆزه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ .


1 view0 comments

Comments


bottom of page