top of page

ئەنوەر مایی (١٩١٣–١٩٦٣): قەڵەم و تفەنگ لە پێناوی کوردستان

  • 12 minutes ago
  • 3 min read

لە مێژووی گەلاندا، کەسایەتییەکانێک هەن کە شوێنپەنجەیان تەنها لە یەک بواردا نامێنێت، بەڵکو هزر، قەڵەم و خەبات لە یەک کۆدەکەنەوە و دەبنە پردێک لەنێوان کەلتوور، سیاسەت و تێکۆشانی نەتەوەیی.


لە نێو ئەو کەسایەتییە دەگمەنانەدا، ناوی ئەنوەر مایی وەک یەکێک لە پێشەنگە هەرە دیارەکانی ڕۆژنامەوانی و ئەدەبی نیشتمانیی کوردی دەدرەوشێتەوە. ئەو لە یەکەم ڕووناکبیرانی کورد بوو کە قەڵەمی خۆی کردە چەکی بەرگری لە مافەکانی گەلەکەی، پێش ئەوەی چەک بگرێتە دەست و لە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداری بکات و لە کۆتایی ژیانی خۆیدا بە پلەی شەهید بگات.


شەهید ئەنوەر مایی لە ئاداری ساڵی ١٩١٣ لە گوندی مایی، سەر بە ناوچەی بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی، پارێزگای دهۆک، لە خێزانێکی ئاینی ناسراو بە زانست و تەسەووف لەدایک بوو. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەستدا و دایکی ئەو ئەرکی پەروەردەکردنی گرتە ئەستۆ. بە هەوڵی ئەو، سەرەتا زانستە ئاینییەکانی فێربوو و دواتر چووە خوێندنی فەرمی.


ئەم پاشخانەیە وای کرد کە کەسایەتییەکی هاوسەنگ لەنێوان کەلتووری ئاینی و بیرکردنەوەی نوێدا پێکبهێنێت، کە دواتر کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بیر و ئەدەبی ئەو هەبوو.


ئەنوەر مایی ژیانی پیشەیی خۆی وەک مامۆستا دەستپێکرد، پاشان لە چەند دامەزراوەیەکی دەوڵەتیدا وەک فەرمانبەر کاری کرد.


یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی کاری لە ناوچەی شێخان بوو، لەوێ لە نزیکەوە ئاشنای ژیانی کوردانی ئێزدی، ئاین، نەریت و باوەڕەکانیان بوو. ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە کتێبی **«الأكراد في بهدينان»**دا تۆمار کرد و بە شێوەیەکی ورد باس لە ژیان و مێژوویان کرد، کە هۆکاری ڕێز و پێزانینی زۆری کۆمەڵگەی ئێزدی بۆی بوو.


بەڵام گرنگترین بابەتی ژیانی ئەو، خزمەتکردن بە دۆزی نەتەوە و وڵات بوو. لە منداڵییەوە شاهیدی کاریگەریی جەنگەکان، دابەشکردنی کوردستان، کۆچپێکردنی خەڵک و سووتاندنی گوندەکان بوو. ئەو ئەزموونانە هۆشیارییەکی نەتەوەیی پێشوەختیان لەلای دروستکرد و هانی دا بچێتە ناو بزاڤی نیشتمانی.


لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە کۆمەڵەی خۆیبوون (Xoybûn) کرد، کە یەکێک بوو لە گرنگترین ڕێکخراوە نەتەوەییە کوردییەکانی ئەو سەردەمە. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە نیشتمانییەکان، بە تایبەتی بنەماڵەی بەدرخان، دروستکرد. دواتر بووە ئەندامی پارتی هیوا و لە ناو ئەو ڕێکخراوەدا ڕۆڵێکی چالاکی هەبوو، بەتایبەتی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو گەنجان و هاندانی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی.


چالاکییە سیاسییەکانی لە چاوی دەسەڵاتدارانی عێراق نەشاردراوەوە. بۆیە چەندین جار کەوتە ژێر چاودێری، ڕاوەدوونان و دەستبەسەرکردن، بەهۆی پەیوەندییەکانی بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و پاڵپشتی شۆڕشی بارزان بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی. لە ئەنجامی ئەو فشارانە، ناچار بوو پەنابەر بێت بۆ باکووری کوردستان. هەروەها پێش دەستبەسەرکردنی لە مووسڵ، مەبەستی ئەو پەیوەندیکردن بوو بە بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و ساڵانێکی زۆر لە ژێر چاودێریی توندی دەسەڵاتدا ژیا.


سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە دژوارانە، هەرگیز لە پەیامی سیاسی و کەلتووری خۆی پاشگەز نەبووەوە. ئەو لە یەکەم ڕۆژنامەوانە کوردەکان بوو کە باوەڕی بە هێزی وشە و ڕۆڵی ڕاگەیاندن هەبوو لە خزمەتکردنی دۆزی نەتەوەیی. هەوڵی دامەزراندنی گۆڤار یان ڕۆژنامەیەکی تایبەتی کاروباری کوردی دا، بەڵام بارودۆخی سیاسی ڕێگەی نەدا.


بابەت و وتارەکانی لە ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا بڵاو بوونەوە، لەوانە هاوار لە دیمەشق بە سەرپەرشتیی ئەمیر جەلادەت بەدرخان، گەلاوێژ، ڕۆناهی، هەتاو، الزمان، الشعب و هەروەها ڕۆژنامەی پراڤدای سۆڤیەت. نووسینەکانی بە هەستی نەتەوەیی، شێوازی ئەدەبیی ڕەسەن و گرنگیدان بە مێژوو، ئەدەب، کەلەپوور و دۆزی ڕزگاریی نەتەوەیی ناسراون.


دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨، دەرگای نوێ بۆ چاڵاکیی کەلتووری و سیاسیی ئەو کرایەوە. لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا کاری کرد و بووە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی عێراق و سەندیکای ڕۆژنامەوانان.


لە ساڵی ١٩٥٩دا، وەک ئەندامی شاندێکی گەلی عێراق نێردرا بۆ کۆماری گەلیی چین، لەوێ سیمینارێکی سەبارەت بە گەلی کورد و دۆزی ڕەوای ئەو پێشکەش کرد.


ڕۆڵی ئەنوەر مایی لە دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان


ئەنوەر مایی تەنها ڕۆڵی ڕۆژنامەوان و نووسەر و چاڵاکوانی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٢، کاتێک بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی مامۆستایان لە کوردستان پەیدابوو، ئەو لە پێشەنگانی ئەو هەوڵە بوو.


هەروەها بەشداری کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی کرد، کە بە نهێنی لە شاری سلێمانی، لە ماڵی مامۆستا کامڵ بەصیر بەڕێوەچوو. ئەو کۆنگرەیە، لە ژێر بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنیی زۆر دژواردا، بناغەی ڕێکخراوێک دانا کە دواتر بوو بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە نیشتمانی و پەروەردەییەکانی کوردستان. بەشداریی ئەنوەر مایی لەم کۆنگرەیەدا، بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی کە ئەو هەمیشە باوەڕی بە گرنگی ڕۆڵی مامۆستا و پەروەردە لە دروستکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد هەبوو.


نووسینی: ئیدریس ئیسماعیل تروانشی



Recent Posts

See All

Comments


bottom of page