top of page

شێوازە كاریگەرەكانی بەڕێوەبردنی پۆل لە قۆناغی ئامادەییدا ( د.محمد عبدالكریم ابراهیم )

  • Writer:  د.محمد عبدالكریم ابراهیم
    د.محمد عبدالكریم ابراهیم
  • Oct 13
  • 3 min read

قوتابیی قۆناغی ئامادەیی لە كۆتاییەكانی هەرزەكاریدایە، بەتایبەتی لە پۆلەكانی یازدەیەم و دوازدەیەمدا. ئەم قۆناغە لەڕووی دەروونزانییەوە، قۆناغی پێگەیشتنی عەقڵییە، لەگەڵ ئەوەی كەمێك لە دڵەڕاوكێی هەرزەكاری تێدا دەمێنێت، بەڵام و ئەم سیما سەرەكییانەی هەیە:


1-   گەشەی بیركردنەوە بە شێوەی هۆكار و ئەنجام (بیركردنەوەی لۆجیكی). واتە هەم لە وانەكانیدا دەزانێت چۆن لێكدانەوە بكات و زانیارییەكان بەیەكتری ببەستێتەوە، هەم لەبارەی ڕێكخستنی ڕەفتارەكانیەوە سەرەدەری هەیە و دەزانێت چ ڕەفتارێك چ ئەنجامێكی هەیە و ئەنجامەكانیش چی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.


2-   گەشەكردنی توانای پلاندانان و بڕیاردان: بە كەمێك ڕێنمایی گشتی، دەتوانێت نەخشەی ژیانی خۆی ڕێكبخات، بە كەمێك پاڵنەری ئەرێنیش، نەخشەكە جێبەجێدەكات.


3-   حەزكردن بە سەربەخۆیی و ڕادەربڕین، ئەگەر نەشكێنرێتەوە، لەم قۆناغەدا شەرمی قسەكردن و ڕادەربڕینی نامێنێت و بەرەبەرە لەم ڕووەوە هاوسەنگی پەیدادەكات.


4-   بیركردنەوە لە ژیان و لە ڕۆڵی خۆی لە ژیاندا: ئەم بیركردنەوەیە، كاتێك دەستگیرۆیی نەكرێت، دەبێتە هۆی ڕەشبینی و هەستكردن بە ترس، چونكە جارێ بەشی ئەوە ئەزموونی نییە كە وەهمەكانی بیركردنەوەی لە ڕاستییەكانی ژیان جیابكاتەوە.



ئەم تایبەتمەندی و سیمایانە، لە هەموو قوتابییەكی ئامادەییدا هەن، لە پۆلی دەیەمدا كەمن و لە كۆتاییەكانی پۆلی یانزدەیەمدا بەتەواوی دەردەكەون. بۆیە، زۆر گرنگە؛ مامۆستا بۆ فێركردن و پێگەیاندنی قوتابییەكانی، سوود لەم تایبەتمەندییانە وەربگرێت. ئەمەش بەوە دەكرێت، كە لەبواری بەڕێوەبردنی پۆلدا، واز لە توندوتیژی و هاتوهاوار و ڕیسواكردن و تۆقاندن بهێنێت و لەبەرامبەردا خۆی فێری ئەم ستراتیجییە هاوچەرخانەی بەڕێوەبردن بكات:


1-   بەڕێوەبردن بە ڕێزلێنان: ڕێزلێنان یەكێكە لە پێویستییە دەروونییەكانی مرۆڤ. لە هەرەمی ماسلۆدا، دوای پێویستییە جەستەییەكان و ئارامی و پەیوەندییەكۆمەڵایەتییەكان دێت. زۆربەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دنیا، كە ژمارەی فەرمانبەرانیان بەدەیان هەزارە، لە پێش هەموویانەوە (گووگڵ)، پێیان وایە كە بەڕێوەبردن بە ڕێزگرتن، سادەترین و كەمتێچووترین و كاریگەرترینە. بۆیە بنەمای كاریان لەسەر ئەم بەڕێوەبردنە دامەزراندووە. فرۆشیارێك، كە ڕێزی كڕیارەكەی بگرێت، دەتوانێت كاڵاكانی خۆی پێبفرۆشێت، بەڵام فرۆشیاری بێ ئەتەكێت و بێ ڕێز، كەس ناچار نییە بچێتەوە فرۆشگاكەی. پەروەرشیار و مامۆستاش بە هەمان شێوەیە. قوتابی بەهۆی ڕێزی مامۆستاكەیەوە، وانەكەی لەلا شیرین دەبێت، هەر شتێكیش لەدڵدا شیرین بوو، لە مێشكدا پەسەند دەكرێت. بۆیە لە ئەزموونی پەروەردەییدا، سەلمێنراوە، كە ئاسانی و گرانیی بابەتە زانستییەكان، لە خودی خۆیاندا نییە، بەڵكو بەندە بە چۆنێتیی مامەڵەی مامۆستای بابەتەكانەوە.


2-   بەڕێوەبردن بە قسەخۆشی و ڕوحسووكی: قسەی خۆش و گیانی گالتەوگەپی هاوسەنگ، شێوەیەكی تری بەدەستهێنانی دڵی خەڵكە. دەبێت مامۆستا سوودی لێ ببینێت، بەڵام بەم مەرجانەی خوارەوە:

أ‌-      گاڵتە و قسەی خۆش، سنووری ڕێز نەشكێنن، چونكە ئەگەر سنووری ڕێزیان شكاند، هێزی بەڕێوەبردن بە ڕێزلێنان ناهێڵن.

ب‌-   قسە خۆشەكان نەبنە پلارو توانجگرتن و دڵی كەس بریندار نەكەن.

ت‌-  نەبنە سیمای زاڵی شێوازی مامۆستا و بەسەر سیمای ڕێزگرتندا زاڵ نەبن.

ث‌-  لەدەست دەرنەچن و دەرگای قسەی لابەلا بەڕووی قوتابیدا نەكەنەوە.

ج‌-   تەنیا بۆ دروستكردنی خەندەو پێكەنین بێت، بەتایبەتی لەو كاتانەی مامۆستا هەستدەكات قوتابیان بیریان ڕۆیشتووە و بێزاربوون.


3-   بەڕێوەبردن بە شێوازی یەكلاكەرەوە (حزم): یەكلاكەرەوەیی لە بەڕێوەبردندا، پایەیەكی گرنگی هەیە و بەرانبەر بەتەواوی پابەند دەكات. ئەمیش بەم شێوەیە دەكرێت:

أ‌-      مامۆستا ڕێنماییەكانی ڕوون بن. پێدانی ئەرك و دانانی كاتی تاقیكردنەوە و شێوەی ڕەفتاری قوتابی و پرسینەوەی ئەرك، ... تاد، لە هەموو ئەمانەدا ڕوون بێت و قوتابی بزانێت مامۆستاكەی چی دەوێت و لەسەرچی پاشتی دەكات و بەهۆی چییەوە سزای دەدات.

ب‌-  گوێبگرێت پێش ئەوەی بڕیار بدات. چونكە لە بڕیاردانی خێرادا، ناچاردەبێت پاشگەزبێتەوە، بەمەش سیمای یەكلاكەرەوەیی لەدەستدەدات.

ت‌-  قوتابی لە هەڵەكەی ئاگادار بكاتەوە و بۆی ڕوون بكاتەوە و هەرگیز لەیەكەم هەڵەدا سزای نەدات.

ث‌-  بە ئاشكرا و لەناو هەمواندا ڕێزلێنانی قوتابییە سەركەوتووەكان ڕابگەیەنێت.

ج‌-   بێدەنگیی خۆی بپارێزێت و هەوڵبدات لەبواری بەڕێوەبردنی پۆلدا كەمترین قسەبكات.

ح‌-   بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی خۆی بكات، تا ئەو ئاستەی كە قوتابییان تێدەگەن كە ئەو مامۆستایە قسەكانی خۆی پشتگوێناخات.

خ‌-   بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات و بە ئاسانیش بەڵێن نەدات.

د‌-     پابەندی زمانپاكی و ڕەفتاری بەرزبێت.


4-   بەڕێوەبردن بە دادگەری: دادگەربوون لە نێوان قوتابیاندا، وادەكات قوتابی مافەكانی خۆی بێ ترس پیادەبكات و سزاكانیش قبووڵبكات. ئەمەش زۆرێك لە گرفتەكانی ناو پۆل ناهێلێت. بەگشتی بەم شێوەیە پیادەدەكرێت:

أ‌-      دادگەری لە هەڵسەنگاندندا: بەشێوەیەك، كە بنەمای بڕیاردان لەسەر ئاستی قوتابی، تەنها كارامەیی و پابەندیی قوتابییەكە بێت و هیچ پەیوەندییەكی تر كاریگەریی نەبێت.

ب‌-  دادگەری لە بنەمای پاداشت و سزادا: پاداشت بەپێی ڕادەی ئەنجامی دروست بێت و سزاش بەپێی ڕادەی هەڵە، هیچیان لە هۆكارەكان گەورەتر نەبن.

ت‌-  دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان بڕەخسێنێت و تەنها بەم بوارە وابكات ئەوانەی كارامەییان كەمترە هەست بەخۆیان بكەن، چونكە بەگشتی؛ هیچ مرۆڤێك دان بە كەمی شارەزایی و كارامەییەكانی خۆیدا نانێت، بەڵام لەناو دەرفەت و كاردا (بۆنموونە لە هەستانەوەی سەر تەختەدا) بۆی دەردەكەوێت كە كارامەییەكەی لەچاو دەوروبەرەكەی چەندە. زۆرجاریش ئەمە دەبێتە هۆی خۆچاككردنەوە و پەرەپێدانی كارامەییەكانی.

ث‌-  گوێگرتن بە یەكسانی بۆ هەموان.

ئەم شێوازانەی بەڕێوەبردنی پۆل، دەبێت هەموویان لە یەك وانەدا بەكاربێن، ناكرێت مامۆستا ڕۆژێك تەواو یەكلاكەرەوەبێت و ڕۆژی پاشتر پۆلەكەی پڕ قسەی خۆش و پێكەنین بێت، چونكە ئەمە دڵەڕاوكێ بۆ قوتابیان دروستدەكات.

دەبێت مامۆستا خۆی ڕابهێنێت و هەوڵبدات لەماڵەوەش بەم شێوازانە ڕەفتار بكات، بۆئەوەی ژیانی دووفاقەیی نەمێنێت و تەواو لەسەر ئەم شێوازانە ڕابێت.

بە ڕاهاتن لەسەر ئەم شێوازانە، ئیتر پێویستیی بە دەنگهەڵبڕین و هەڵچوون و قسەی نەشیاو و سەركۆنەكردن نابێت. قوتابیانیش، هەم خۆشیان دەوێت و هەم لێوەی فێری وانە و فێری ژیان دەبن.


نووسینی: د.محمد عبدالكریم ابراهیم

ڕاهێنەری پەروەردەیی

مامۆستا لە ئامادەیی ڕزگاریی كوڕان

ree

Comments


bottom of page