top of page

مامۆستای سەردەم لە گواستنەوەی زانیاری بۆ دروستكەری داهاتوو

  • 1 day ago
  • 2 min read

(جۆن دیوی) فەیلەسوف و زانای پەروەردەیی ئەمریكی دەڵێ"ئەگەر ئەمڕۆ بەو شێوازە فێری منداڵان بكەین. كە دوێنێ فێركراوین، ئەوا داهاتوویان لێ دەدزین".

بێگومان پەروەردە و فێركردن بەردەوام لە گۆڕانكاریدان و مامۆستا بڕبڕەی پشتی ئەو پڕۆسەیەیە، لە سەردەمی خێرا و پڕ لە زانیاری ئەمڕۆدا ڕۆڵی تەقلیدی و لاساییكەرەوەی مامۆستا وەك تاكە سەرچاوەی زانیاری كۆتایی پێهاتووە. مامۆستای سەركەوتووی ئەمڕۆ تەنیا زانیاری ناگوازێتەوە، بەڵكو ژینگەی فێربوون بەرێوەدەبات. ڕێنیشاندەرە، هاوسەنگی لە نێوان میتۆدی نوێی وانە گوتنەوە و كارگێڕییەكی تۆكمەدا دروست دەكات.

مامۆستای سەردەم تەنها زانیاری ئامادەكراوی ناو كتێب ناداتە قوتابی ، بەڵكو لە ڕێگای پرسیاركردنی ڕەخنەگەرانە. كێشەسازی، لێكۆڵینەوە قوتابی دەكاتە بەشێك لە دروست كردنی زانیاری و مەعریفە. قوتابی فێردەكرێت چۆن زانیارییەكان ببینێت و شیكاریان بۆ بكات و ڕاستی لە هەڵە جیا بكاتەوە. لێرەدا مامۆستا میتۆدی نوێ فێری قوتابی دەكات كە پشتی بە گوێگرتنی سست و مردوو نەبەستووە. بەڵكو قوتابی دەكاتە هاوبەشی سەرەكی لە بابەتەكە.

مامۆستای لێهاتوو گرنگی تەواو دەدات بە نووسینی دەستی داڕشتنی بیرۆكەكان. خوێندنەوەی قوول. وا لە قوتابی دەكات فێری نووسین و خوێندنەوە و داڕشتن و دەربڕین بێت، هەر ئەوەش بنەمای سەرەكی بیركردنەوەی دروست و گەشەی ژیری قوتابی كە هیچ ئامرازێك ناتوانێت شوێنی بگرێتەوە. لە بیرمان نەچێت ڕۆڵی مامۆستا لە وانەبێژییەوە گۆڕاوە بۆ ڕێنیشاندەر كە ڕێگە بە قوتابیان دەدات لە ڕێگەی گروپ و كاركردنی بە كۆمەڵ و پڕۆژەی كردارییەوە فێر ببن تاوەكو تێورییە زانستیەكان ببەستنەوە بە ژیانی ڕۆژانە و بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی و گرنگی ژیان. بێگومان كارامەیی پەروەردەیی بەبێ كارامەیی كارگێڕیی ناتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت وە پۆڵی سەركەوتوو پێویستی بە بەرێوەبردنێكی ئەكادیمی و پێشەنگانە هەیە.

بەرێوەبردنی ژینگەی پۆڵ پێویستی بە دروست كردنی دیسپلینی ئیجابی و ئەرێنی هەیە كە لە سەر بنەمای ڕێزی یەكتری و یاسای ڕوون دامەزراوە، نەك ترس و سەپاندن و تۆقاندن و چاوسۆركردنەوە.

مامۆستای لێهاتوو پلانڕێژی ستراتیژی و دابەشكردنی كاتی هەیە لە نێوان توانای دابەشكردنی گونجاوی كاتی وانەكە و گونجاندنی نێوان بڕی پڕۆگرام و توانای وەرگرتنی قوتابیان. لەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە، نەك تەنها پشتبەستن بە تاقیكردنەوەی نوسراوی كۆتایی، بەڵكو ئامرازی جۆراوجۆری هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ئاستی قوتابیان.

لە بیرمان نەچێت مامۆستای لێهاتوو توانای سەركردایەتیكردن و كارامەیی پەیوەندیكردنی بەردەوامی هەیە، لەگەڵ كارگێڕیی قوتابخانە و (دایك و باوكان) و مامۆستایانی هاوكار بۆ دروست كردنی ژینگەیەكی هاوبەشی گونجاوی پەروەردەیی. لە ئەنجامی هەبوونی كەناڵی پەیوەندی پەروەردەیی بەهێز و پیشەیی لەگەڵیان.

لە كۆتاییدا دەبێ لە بەرچاومان بێت گۆڕانكاری ئەرێنی لە سیستەمی پەروەردەدا لە پۆڵ و هۆڵەكانی خوێندنەوە دەست پێدەكات. كلیلی سەرەكی ئەو گۆڕانكارییەش مامۆستایەكی بڕوادار بە گەشەی بەردەوام. لە بیرمان نەچێت مامۆستا تەنها فەرمانبەرێك نییە كە خشتەیەك جێبەجێ بكات. بەڵكو سەركردەیەكی پەروەردەییە كە میتۆدە نوێیەكان لەگەڵ كارگێڕییەكی تۆكمە و بەهای ئەخلاقی ئاوێتە دەكات، وەبەرهێنان لە گەشەپێدان و ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایاندا دەکات، لە ڕاستیدا مامۆستا بەردی بناغەی كۆمەڵگەیەكی بە ئاگا و زیندوو. ڕوناكبیر و خۆبەخاوەن، بەرپرسیار و خاوەن ئاییندەیەكی گەشە.



بەکر کەریم حەسەن

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە

ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Comments


bottom of page