top of page

پەروەردەی سەردەمیانە، کۆمەڵگا بەرەوکوێ دەبات؟

  • May 1
  • 3 min read

لە هەموو جیهان گۆڕانکاری گەورە ڕوویداوە و ڕوودەدات لە گشت بوارەکان، هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نییە لەم گۆڕانکاریانە و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و حکومڕانی.

کۆمەڵگای کوردی بە قۆناغەکانی گەشەکردنی سروشتی تێپەڕنەبووە، بەڵکو ئەم بەرەوپێشچوونە گەورەنەی ڕوویانداوە لە بواری تەکنەلۆجیا و زانستەکان، وایکرد کۆمەڵگای کوردی ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بێتەوە، بەتایبەتتر لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دروستکردنی خێزان و شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ.

ئەو کۆمەڵگایانەی بە قۆناغەکانی گەشەکردن تێپەڕببوون و ئامادەباشیان کردبوو بۆ ئەوەی سود لەم گۆڕانکاریانەی ڕوویدەدا لە جیهان وەربگرن، توانیان کۆمەڵگاکەیان بەرەوپێش ببەن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلەکانیان فەراهەم بکەن. بەپێچەوانەوە ئەو کۆمەڵگایەنەی ئامادەباشیان نەکردبوو، کۆمەڵگاکەیان لەم ئاستە نەبوومامەڵە لەگەڵ ئەم بەرەوپێشچونە بکات و سوودی لێوەربگرێت، توشی کێشەی گەوەر بوونە، لە گشت بوارەکانی.

لەگەڵ ئەوەی گەشەکردنی تەکنەلۆجیا و زانستەکانی تر سوودی زۆری بە مرۆڤاتیەتی گەیاندوە، بەڵام وایکردوە ژیان و پێکەوەژیان قورستربێت ومرۆڤەکان زیاتر هەوڵبدەن بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی سەربەرزانە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

شێوازی ژیان لە کۆمەڵگای کوردی، پێش گەشەکردنی تەکنەلۆجای وزانستەکان، سادەتر بوو، پێکهینانی خێزان وپەروەردەی منداڵ قورس نەبوو، بەڵام کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی بەڕووی گۆڕانکاریەکان، قورسایەکی زۆری خستە سەر تاکەکانی کۆمەڵگا.

ئەو شێوازەی دایک و باوکان لەسەری پەروەردە کران، ئێستا گونجاو نیە منداڵکانیان لەسەر پەروەردە بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی نەوەیەکی باش و خاوەن بەهای ئەخلاقی و کەسایەتی و بەمەعرفەت دروست بکەن، دەبێ شێوازی پەروەردە و تەنانەت بیرکردنە و تێڕوانیان بۆ پرۆسەی دروستکردنی خێزان بگۆڕن.

جاران خێزانی کورد، خێزانێکی گەورە بوو، بچوکترین خێزان شەش منداڵیان هەبوو، ئێستا ئەو ڕێژەیە قورسایەکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر دایک باوک.

خێزانی ئێستا ئەگەر سێ منداڵی هەبێ، ئەرک و قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر ژن و پیاو. جاران بەتەنیا پیاو کاری دەکرد و بژێوی خێزانی دابین دەکرد، ژن لە ماڵەوە سەرپەرشتی پەروەردە کردن منداڵ و بەڕیوەبردنی خێزانەکەی لە ئەستۆ بوو، ئێستا پیاو بەتەنیا ناتوانێت بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، دەبێ ژنیش هاوکاری بێت و بێتە دەرێ لە ماڵ وکار بکات تا بتوانن ژیانێکی مامناوەندی بۆ خێزانەکەیان دابین بکەن، ئەمەش وایکردوە خێزان لە دوو منداڵ زیاتی نەبێ، بۆ ئەوەی بتوانن پەروەردەیەکی باش و ژیانی ئاسودە و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەن.

سستمی پەروەردە فێرکرد، ڕۆڵی گەورەی لەسەر شانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەو ئاڕاستەیە ببکات کە لە بەرژوەندی کۆمەڵگا ودواڕۆژی نەتەوەکەمانە.

بوونی خوێندنگا ناحکومیەکان و بە بازرگانی کردن بە خوێندن و فێربوون و نزمی ئاستی خوێندنگاکانی حکومی، هۆکارێکن لە بچوک بوونەوەی خیزان لە هەرێمی کوردستان.

خێزانی کوردی بچوک بۆتەوە، ژن و مێرد لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان کار دەکەن، ناتوانن ئەو پارە دابین بکەن دوو منداڵ بنێرنە خوێندنگایەکی ناحکومی.

خوێندنگاکانی حکومیش لەو ئاستەدا نیە کە منداڵەکانیان بەو شێوازە فێربکات لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچونە زۆر بە پەلەی ڕوودەدات لە جیهان.

بچوک بوونەوەی خێزانی کوردی، کاریگەری لەسەر ڕیژەی کورد لە کۆی گشتی ڕێژەی هاوڵاتیانی دەوڵەتی عیراق ئەمەش کاریگەری دەبێ لەسەر ڕۆڵ و قورسایی کورد لە کایەی سیاسی لە عیراق.

خیزان لە هەرێمی کوردستان ئەو هاوکاریانەی پێشکەش نەکراوە کە دەبێ پێشکەشی بکرێت بۆ ئەوەی گەنجەکانمان بە هوشیاریەوە بەرەو پرۆسەی دروستکردنی خێزان بچن، ئەو کێشانەی لە ناهوشیاری و کەم مەعرفی گەنجەکان بەرامبەر بەو ئەرکە پیرۆز و گەوەرەیەی دێتە سەر شانیان لە کاتی دروست کردنی منداڵ لە زیادبووندایە.

ئەرکی حکومەتە ڕێنمای وهاوکاری گەنجەکان بکات لە ڕێگای کردنەوەی سەنتەری خێزانی بۆ ئەوەی فێربن چۆن خێزان دروست بکەن، گرنگی خێزانیان پێبناسێنن ودروست کردنی منداڵ وپەروەردە کردنییان بەشێوازێکی دروست وببن بە ئەندامێکی چالاک وبەسوود و کاریگەر لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.

گرنگی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن بدرێت، لە ڕێگای وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، فەلسەفەیەکی پەروەردەیی سەردەمیانە و لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواری بێتەوە دابڕێژرێت و خێزان پابەند بکات بە پەیڕەوکردنی و منداڵەکانیان بەو شیوازە پەروەردە بکەن.

کەمتەرخەمی لەم ئەرکانە، وایکردوە ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بەرەو زیاتر بڕوات، منداڵەکان لەم نێوانە سەلێشیواوبن و پەروەردەیەکی باشیان پێنەدرێ، لە کۆتایی کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو چاوەڕوانیەی هەمانە بۆ بەرەوپێشچوونی نەتەوەکەمان و گەیشتن بە ئاوات وئامانجەکانمان کە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکەین وبە رووباری خوێن ئاودراوە.


✍️ڕەهێڵ دزەیی


Recent Posts

See All

Comments


bottom of page