top of page

کاریگەریی پشووە درێژخایەنەکان لەسەر مێشکی خوێندکاران و پرۆسەی پەروەردە

  • Mar 24
  • 1 min read

پەروەردە یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان و بەردەوامیی فێربوونیش کۆڵەکەی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەیە. لە هەرێمی کوردستان، پشووە درێژخایەنەکان (چی وەک پشووی هاوین یان پشووە ناچارییەکان) بەشێکی زۆری ساڵی خوێندن دەگرنەوە، ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی وردی زانستی هەیە؛ چونکە پشووی درێژخایەن بەبێ چالاکیی فیکری، ڕاستەوخۆ یەکسانە بە لەدەستدانی زانیارییەکان. ئەم دیاردەیە لە توێژینەوە جیهانییەکاندا بە "خلیسکانەی هاوین" (Summer Slide) ناسراوە، کە تێیدا مێشک بەهۆی بەکارنەهێنانی زانیارییەکان، تووشی پاشەکشە دەبێت.

ئەگەر سەیری ئەزموونە نێودەوڵەتییەکانی وەک ژاپۆن و فینلەندا بکەین، دەبینین سیستەمی پەروەردەیی ئەو وڵاتانە جەخت لەسەر کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان وەرزەکانی خوێندن دەکاتەوە، تاوەکو مێشکی خوێندکار هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشیدا بمێنێتەوە. هەرچەندە پشووەکان لە بنەڕەتدا بۆ پشوودانی دەروونی و جەستەیی خوێندکاران و مامۆستایان دانراون، بەڵام کاتێک لە ڕێژەی ئاسایی تێپەڕ دەبەن، دەبنە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی ساڵانەی پەروەردەدا. ئەم دابڕانە تەنها کێشەی تەواونەکردنی مەنهەج نییە، بەڵکو دیاردەیەکی قووڵتری زانستیی لەگەڵدایە کە بە "ژەنگهێنانی مێشک" ناسراوە و کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر تەرکیز و دیسیپلینی خوێندکاران دەبێت.

مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە لە ئێستادا منداڵان لە جیاتی کۆشش و چالاکیی فیکری، زۆربەی کاتەکانیان بە مۆبایل و ئایپاد و سۆشیاڵ میدیاوە خەریک دەکەن. ئەم وابەستەبوونە ناتەندروستە نەک هەر زیان بە توانای بیرکردنەوە دەگەیەنێت، بەڵکو مێشک بەرەو تەمەڵی و دابڕان لە ڕاستی دەبات، کە ئەمەش ئەرکی ئێمە وەک مامۆستا و پەروەردەکار قورستر دەکات بۆ گەڕاندنەوەی خوێندکاران بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی زانست.





ئامادەکردنی:

بەختیار عومەر سەعید

جێگری لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان


1 Comment


Guest
Mar 24

هیچ پاساوێک نیە بۆ درێژکردنەوەی پشوو تکایە ئەم پشوە بێسودە بوەستێنن و با پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە ⌛️

Like
bottom of page